ئەکتەرێکی ناوداری تورکیا بەتۆمەتی "سووکایەتیکردن" بە ئەردۆغان زیندانی ده‌كرێت

دوای نیو سەدە لە کاری هونەری و بەدەستهێنانی چەندین خەڵات، موجدەت غیزان، ئەکتەری کۆمیدی و نووسەری بەناوبانگی تورکیا ره‌نگه‌ زیاتر لە چوار ساڵ زیندانی بکرێت
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەیەکی حیزبەکەی لە 24ـی شوباتی ئەمساڵ، وێنە AFP
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەیەکی حیزبەکەی لە 24ـی شوباتی ئەمساڵ، وێنە AFP

K24 - هەولێر:

دوای نیو سەدە لە کاری هونەری و بەدەستهێنانی چەندین خەڵات، موجدەت غیزان، ئەکتەری کۆمیدی و نووسەری بەناوبانگی تورکیا، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو باڵیۆزی نیازپاکی دەستنیشانکراوە، رووبەڕووی زیندانیکردن دەبێتەوە، بەتۆمەتی "سووکایەتیکردن" بە سەرۆک رەجەب تەییب ئەردۆغان.

ئەو ئەکتەرەی شانۆ، تەمەنی 77 ساڵە و لە میدیا رۆژئاواییەکان وەکو نوێترین قوربانیی ئەو شەڕە سەیردەکرێت، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ناوی لێناون "ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن هونەرمەند".

غیزان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) بە گاڵتەوە باسی ئەو سانسۆرە دەکات کە خراوەتە سەری و گوتی: "قەدەغەیان کردووە ناوم لە وشەی یەکتربڕیش بهێنرێت".

ئەو ئەکتەرە کۆمێدییە و مەتین ئەکبینار، ئەکتەری هاوکاری کە تەمەنی 79 ساڵە، بەهۆی ئەو توانجانەی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی سەر بە ئۆپۆزسیۆن گوتوویانە، دادگایی دەکرێن.

غیزان لە بەرنامەکە گوتوویەتی "رەجەب تەیب ئەردۆغان، تۆ ناتوانی نیشتمانیبوونمان تاقیبکەیتەوە، سنووری خۆت بزانە".

بەڵام ئەکبینار لەوە زیاتریشی گوتووە، لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتوویه‌تی: "ئەگەر شکستمانهێنا لە هێنانەدی دیموکراسی، رەنگە سەرۆک ئەردۆغان سەراوبن هەڵبواسرێت، یان لە ژێرزەمینێکدا ژەهرخوارد بکرێت، وەک چۆن لە هەموو سیستەمە فاشییەکان روودەدات".

ئەو گوتانە، ئەردۆغانیان توڕەکردووە، بۆیە داوای لە داواکاری گشتی کردووە سزایان بدەن، بەجۆرێک سزاکەیان رەنگە بگاتە چوار ساڵ و هەشت مانگ زیندانیکردن.

رۆژێك دوای ئەو لێدوانانە، پۆلیس چوونەتە ماڵی غیزان و بۆ ئەوەی بیبەنە لای داواکاری گشتی، غیزان گوتی: "دەستیان کەلەبچە کردم بۆ ئەوەی لەگەڵ نزیکەی پەنجا تاوانبار و بکوژ و قاچاغچی، بمبەنە زیندان".

هەرچەندە ئێستا رێوشوێنی یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر، بەڵام ئەو ئەکتەرە کۆمیدییە ترسی خۆی نه‌شارده‌وه‌ لەو رەوشەی لە وڵاتەکەی هاتووەتە ئاراوە، ئاماژەی بەوەدا "تورکیا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە لە زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان، بەجۆرێک لە هەموو مێژووی تورکیادا، نموونەی وا نەبووە".

سەرچاوە: AFP