ئێران.. وەرگێڕی پەرتووكی "كلیلێكی بچووك بۆ دەرگایەكی گەورە"ی بە 11 ساڵ زیندانی كرد

یەكێك لە تۆمەتەكانی ئەندامبوونە لە "ھاوبەندی نووسەرانی ئێرانی"
ئارەش كەنجی
ئارەش كەنجی

K24 – ھەولێر:

"ھاوبەندی نووسەرانی ئێرانی" راگەیاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگەیاند، دادگایەكی تاران "ئارەش كەنجی"ی ئەمینداریان، بە 11 ساڵ حوكمداوە.

بەپێی راگەیاندراوەكە ئارەش كەنجی بە 5 ساڵ حوكمدراوە بە تۆمەتی "پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" و ساڵێك بە تۆمەتی "پڕوپاگه‌ندەكردن دژ بە ده‌سه‌ڵات"، ھەروەھا 5 ساڵی دیكەش حوكمدراوە بە تۆمەتی" ئەندامبوون لە كۆمەڵەیەكی دژ بە ده‌سه‌ڵات"، چونكە ئەندامە لە "ھاوبەندی نووسەرانی ئێرانی".

ھەروەھا یەكێك لەو تۆمەتانەی دیكەی ئاراستەی كراوە، وەرگێڕانی پەرتووكێكە لەسەر پێشھاتەكانی ناوچە كوردییەكان لە سووریا بە ناوونیشانی "كلیلێكی بچووك بۆ دەرگایەكی گەورە".

زیندانیكردن بۆ ساڵانێكی درێژ

بەپێی راگەیاندراوی ھاوبەندییەكە، دادگای پێداچوونەوەی تاران پەسندی ئەو حوكمەی دادگای سەرەتایی كردووە كە لە لقی 28ی دادگای شۆڕشی ئێرانی بەسەرۆكایەتی دادوەر محمەد رەزا عەموزادە دەرچووە.

لە میانی ئەو چەند مانگەی دواییدا، ھەریەك لە رەزا خەندان مەھابادی، بەكتاش ئەبتین، كیڤان باجن، گیتی پور فازڵ و عەلی رەزا نووری لە ئەندامانی "ھاوبەندی نووسەرانی ئێرانی" حوكمدران بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەكی درێژ.

پێش دوو ھەفتە، یەشار سوڵتانی، رۆژنامەنووسی لێكۆڵەر بە 13 مانگ زیندانی كرا، كە چەندین بەڵگە و بەڵگەنامەی بڵاوكردبوویەوە لەسەر ھەبوونی گەندەڵی لە ئەنجوومەنی شاری تاران لە میانی ویلایەتی، محەمەد باقر قالیباف، وەك سەرۆك شارەوانی پایتەخت و سەرۆكی ئێستای پەرلەمانی ئێران.

لە كانوونی یەكەمی رابردوو، كەیوان سەمیمی، سەرنووسەری گۆڤاری "ایران فردا"، كە تەمەنی 72 ساڵە برایە زیندانی "ئیڤین" لە تاران، بۆ جێبەجێكردنی سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی سێ ساڵ، بەھۆی رووماڵكردنی ناڕەزاییەكانی كرێكاران لە بەردەم پەرلەمانی ئێرانی لە ساڵی 2019.

چالاكوانانی ئێرانیش ھەڵمەتێكیان راگەیاندووە لە ژێر ناوونیشانی "یەكگرتن لە پێناو روحوڵڵا زەم" ئەو رۆژنامەنووسە ئێرانییەی ھەواڵگری پاسداران لە میانی گەشتیدا بۆ فەره‌نسا بەڕێگای عێراقەوە لە ساڵی 2019 رفاندیان و لە كانوونی یەكەمی رابردوو حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێكرا. ئەو چالاكوانانە داوا دەكەن ئەو بەرپرسانەی ده‌سه‌ڵاتی تاران، ئەوانەی لە پشت رفاندن و ئەشكەنجەدان و لەسێدارەدانی چالاكوانان و بەرھەڵستكاران و سەركوتكردنی رەخنەگرانن سزا بدرێن.

روحوڵڵا زەم
روحوڵڵا زەم