زیقار خۆپیشاندانەكانی ھەڵپەسارد و 3 رۆژ مۆڵەت بە حكومەت دەدات

حكومەت بەڵێنەكانی جێبەجێنەكردووە
خۆپیشاندانەكانی ناسرییە
خۆپیشاندانەكانی ناسرییە

K24 – ھەولێر:

دوای چەند رۆژێك لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان، پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق تاڕادەیەك ھێوری بۆ گەڕایەوە، كە لە میانی ئەو خۆپشاندانەكاندا لە ناسرییەی ناوه‌ندی پارێزگاكە پێكدادان لە نێوان ھێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران روویدا و بووە ھۆی لێكەوتنەوەی ژمارەیەك كوژراو و بریندار لە ھەردوو لادا. چالاكان خۆپیشاندانەكانیان ھەڵپەسارد و ماوەی سێ رۆژیان داوە بە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.

پارێزگاری زیقار بە وەكالەت، عبدولغەنی ئەسەدی ئەمڕۆ لە میانی سەردانیدا بۆ بنكەی پۆلیس جەختیكردەوە، ھەر كەسێك تەقە لە خۆپیشاندەران بكات سزا دەدرێت و گوتی: دەسەڵاتمان داوەتە پۆلیسی زیقار سزای ئەو كەسانە بدەن ئەوانە فەرمانی بەكارنەھێنانی گولـلە لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا جێبەجێناكەن.

ھەروەھا جەختیكردەوە لەسەر دانوستان لەگەڵ خەڵكی ناسرییە بۆ ھەڵبژاردنی ئەو شتەی گونجاوە بۆیان لە بەڕێوبردنی ئیدارەی پارێزگاكەیان و رزگاربوون لەو تەنگژەیەی ئێستا ھەیە. گوتیشی: "رێگا بەھیچ كەس نادەین مافەكانی خەڵكی زیقار بخۆن".

رێگریكردن لە رووبەڕووبوونەوە

راشیگەیاند، فەرمان دراوە بە كشانەوە ھێزەكانی لەناوبردنی پشێوی و گۆڕینیان بە ھێزەكانی سوپا و پۆلیس لە شاری ناسرییە بۆ ئەوەی رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھێزەكانی ئەمنی و خۆپیشاندەران روونەدات، بەپێی راسپاردەكانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكان.

روونیشیكردەوە كەموكوڕییەكانی تێڕوانین و كاركردنی ھەندێك دەزگای ئەمنی دەستنیشان كراون و خۆیشی كاردەكات لە پێناو دووبارە نەبوونەوەی ھەڵەكانی پێشوو.

خۆپیشاندانەكانی ناسرییە
خۆپیشاندانەكانی ناسرییە

خۆپیشاندانەكانی ناسرییە..

دوای ئەو خۆپیشاندان و پێكدادانەی شاری ناسرییە بەخۆیەوە بینی وەك ناڕەزایی دەربڕین لە پارێزگار نازم ئەلوائیلی و دۆخی خراپی ئابووری، لە ئەنجامدا 5 كەس كوژران و بە دەیانیش بریندار بوون بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكان. ئەمەش سەرۆكی حكومەت، مستەفا كازمیی ناچاركرد، ئەلوائیلی لە پۆستەكەی لابدات و ئەلئەسەدی لە پۆستەكەیدا بە وەكالەت دامەزرێنێت.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئێوارەی ھەینی رایگەیاند، ئەوان "لێكۆڵینەوە لە ھەندێك گرتەی ڤیدیۆی پێكدادانەكانی ناسرییەیان كردووە و تێیدا بە ئاشكرا دەنگی تەقەكردن دێت و كەسانی پۆلیس لە كاتی تەقەكردنیان بەدیار دەكەون، ئەمە جگە لە بوونی خۆپیشاندەرانی كوژراو لە سەر شەقامەكاندا.

حكومەت بەڵێنەكانی جێبەجێنەكردووە

عێراق لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 گەورەترین خۆپیشاندانەكانی دژ بە حكومەتی بەخۆیەوە بینی، كە بە درێژایی چەندین دەیە ھاوشێوەی نەبووە و خۆپیشاندانەكان چەندین مانگ بەردەوام بوون و خەڵكەكە داوای دامەزراندن و خزمەتگوزارییەكان و روخاندنی دەستە بژاردەی حوكمڕانییان دەكرد و بە گەندەڵی و بەشبەشێنە و ئەنجامدانی ئەجێندای دەرەكی تۆمەتباریان دكردن.

ئەو كات نزیكەی 500 خۆپیشاندەر كوژران و بەھەزارانیش برینداربوون و بووە ھۆی دەستله‌كاركێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، عادل عەبدولمەھدی لە پۆستەكەی.

دوای ھاتنی كازمی بۆ سەر دەسەڵات لە حوزەیرانی ساڵی 2020 بەڵێنی دا بە جێبەجێكردنی دادپەروەری بۆ ئەو چالاكوانانەی كوژران و ئەوانەی دووچاری پێشلكردنی مافەكانیان ھاتن لەسەر دەستی كۆمەڵە چەكدارەكان، بەڵام تاكو ئێستا ھیچ شتێك لەم بارەوە نەكراوە و لە ئارادا نییە.