سەدر لەسەر ڤاكسین ھەڕەشە دەكات

"مانای ئەوە نییە دەستی گەندەڵکارانی تێدا نییە و لە بازاڕ نایفرۆشن"
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر - ئەرشیف
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

لەسەر درەنگ گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، موقتەدا سەدر هەڕەشە دەکات و حكومەتی عێراق بە كەمتەرخەم دەزانێت. داواش دەكات، پێدانی ڤاكسین لە گەڕەك و ناوچە ھەژارەكانەوە دەستپێبكات.

لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نوسیوویەتی "کەمتەرخەمی ئاشکرا، لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆنا، لەلایەن حکومەتەوە هەیە، ئەگەر لە کاتی خۆیدا نەگات، بانگەشەیەکی توندی هەڵبژاردن لەسەر ئەو بابەتە دەست پێدەکەین".

سەدر ئاماژەی بەوەشكردووە "کاتێک ڤاکسین بەبێ بەرامبەر دەدرێتە هاووڵاتییان، مانای ئەوە نییە دەستی گەندەڵکارانی تێدا نییە و پارەی گەل نادزن، یان لە بازاڕ نایفرۆشن، یاخود بەشێوەیەکی نایاسایی نایدەن بە خەڵک".

رێبەری رەوتی سەدر داواشیکردووە "پێشتر ناو بۆ ڤاکسین کردن تۆمار بکرێت و لەگەڕەک و ناوچە هەژارەکانەوە دەست بە هەڵمەتی کوتان بکرێت".