وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل: ئێران له‌پشت هێرشی كه‌شتییه ئیسرائیلییه‌كه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی باڵای ئیسرائیل رایگه‌یاند، "ئێران له‌سه‌ر هێرشكردن بۆ سه‌ر كه‌شتییه‌كی بارهه‌ڵگری ئیسرائیلی له ئاوی كه‌نداوی عومان، له تۆڵه‌كردنه‌وه ده‌ربازی نابێت".
ئێران به فه‌رمی راینه‌گه‌یاندووه هێرشه‌كه‌ی ئه‌نجام دابێت، به‌ڵام "بینی گانتز"، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل و "ئه‌ڤیڤ كوخاڤی"، سوپاسالاری ئیسرائیل، به ئاشكرا ئێرانیان به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه له پشت هێرشكردنه سه‌ر كه‌شتییه‌كه بووه، هه‌ر چه‌نده هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه.
به‌پێی ده‌سته‌ی په‌خشی فه‌رمی (كان)، سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانی ئه‌منی له‌گه‌ڵ "بنامین نه‌ته‌ناهو"، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و وه‌زیری به‌رگری كۆبوونه‌وه‌یان كردووه.
ده‌سته‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "ئیسرائیل وه‌ڵامی هێرشه‌كه ده‌داته‌وه، ره‌نگه له چه‌ند رۆژی داهاتوو بێت، به‌ڵام نازانرێت وه‌ڵامه‌كه چی ده‌بێت".
كه‌ناڵی 13ی عیبری روونیكرده‌وه، له پشكنینی سه‌ره‌تاییدا ده‌ركه‌وتووه، كه‌شتییه‌كه به مینی ده‌ریایی پێكراوه، به‌ڵام نازانرێت له‌كام به‌نده‌ره‌وه مینه‌كه‌ی پێوه لكاوه، هه‌ر چه‌نده كه‌شتییه‌كه له به‌نده‌ری "ده‌مام"ی سعودییه‌وه هاتووه.
سه‌رچاوه: RT
د.ی