بەرنامەیەکی نوێ فەیسبووک و تویتەر دەترسێنێت

هەموو شتێک لەبارەی ''کڵەب هاوس'' بزانە
بەرنامەی کڵەب هاوس لە ئای ئۆ ئێس
بەرنامەی کڵەب هاوس لە ئای ئۆ ئێس

K24- هەولێر:

کڵەب هاوس Clubhouse بەرنامەیەکە کە لە ئێستادا تەنها لەسەر سیستمی ''ئای ئۆ ئێس IOS'' کار دەکات و جیا لە قسەکردنی راستەوخۆ، هیچ جۆرە رێگایەکی دیکەی چات و گفتوگۆی نییە؛ واتە نووسین و ڤیدیۆ چات و نامەی دەنگی تێدا نییە.

دابەزاندنی ئەو بەرنامەیە و بوون بە ئەندام تێیدا تەنها لە رێگای داوەتنامە دەبێت واتە دەبێت کەسێک کە ئەندامە داوەتت بکات؛ پاشان دەتوانی ببیتە بەکارهێنەری کڵەب هاوس.

بەرنامەکە لە نیسانی ساڵی پار لە لایەن پاوڵ داڤیسۆن و رۆهان سێس لە کۆمپانیای ئەلفا ئێکسپلۆرەیشن ناسێندرا. مانگێک دوای ئەوە، نرخەکەی گەیشتە 100 ملیۆن دۆلار. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، نرخەکەی بۆ یەک ملیار دۆلاربەرزبووەوە.

تا کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بەرنامەکە 600 هەزار بەکارهێنەری هەبووە، بەگوێرەی راگەیەندراوی بەرپرسانی بەرنامەکە، بەم نزیکانە بەرنامەکە لە سیستمی ئاندرۆید بەردەست دەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کڵەب هاوس کۆمپانیاکانی فەیسبووک و تویتەری ترساندووە بەجۆرێک کۆمپانیای فەیسبووک بیر لە زیادکردنی تایبەتمەندی نوێ دەکاتەوە تاوەکو بتوانێت رکابەری کڵەب هاوس بکات.

لەناو بەرنامەکە هەر کەسێک دەتوانێت ژوور دروست بکات، هەر ژوورە دەکرێت پێنج هەزار کەس بچێتە ناوی. هەر کەسەو هەژماری خۆی هەیە و هاوشێوەی تویتەر و ئینستاگرام، فۆڵۆوەر و فۆڵۆوینگی خۆی دەبێت.  دەکرێت بڵێین بەرنامەکە هاوشێوەی بەرنامەی ''زوومە''، بەڵام تایبەتمەندی جیاوازی هەیە و رێگا بە ڤیدیۆ نادات.