په‌نجه‌ی تۆمه‌تی له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌كه‌كه‌ درێژ ده‌كرێت

"ئەگەر پەكەكە شەڕی خۆی بگوازێتەوە باكووری كوردستان، ھیچ پاساوێك لەبەردەم توركیا نامێنێتەوە بۆ له‌شكركێشیكردن"
بۆردومانی بنكه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌
بۆردومانی بنكه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌

K24- هه‌ولێر:

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: پەكەكە ھۆكارە بۆ ئەوەی توركیا له‌شكركێشی بكات و بۆردومانی ناو خاكی ھەرێمی كوردستان بكات و سنوور ببەزێنێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ حیكمه‌ت محه‌مه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و ناوخۆ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژە بەوەش دەكات، ئەگەر پەكەكە شەڕی خۆی بگوازێتەوە شوێنی راستەقینەى كە باكووری كوردستانە، ھیچ پاساوێك لەبەردەم توركیا نامێنێتەوە بۆ له‌شكركێشیكردن بۆ ناو خاكی ھەرێمی كوردستان.

سەڕەڕای ئەوەش كە توركیا رایگەیاندووە، ئامانجی ئەوان لە ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان له‌ناو خاكی ھەرێمی كوردستان، بۆ بوونی چەكدارانی پەكەكە دەگەڕێتەوە، بەڵام وه‌ك كه‌ریم كاوه‌، چاودێری سیاسی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، تا ئێستا سەركردەكانی پەكەكە ئامادەنین له‌ ھەرێمی كوردستان بكشێنه‌وه‌ و شەڕەكەیان بگوازنه‌وه‌ ناو خاكی توركیا و باكووری كوردستان.

تا پەكەكە لەنێو خاكی ھەرێمی كوردستاندا بێت، پێناچێت تۆپبارانەكانی توركیا كۆتاییان بێت، لە ئەنجامی بۆردومانەكانیشدا تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتی سڤیل له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی ھەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی و چەندین گوند و دێھاتی كوردستانیش به‌و هۆیه‌وه‌ چۆڵكراون و خەڵكەكەی ئاوارە بوون.

H.B