"من شەش ساڵم، دایکم و پارتیم خۆشدەوێت".. شێوازی پەروەردەکردن لە چین

پێویستە قوتابیان وا رابهێندرێن کاتێک ''هەڕەشەی سەر ئاسایشی نەتەوەیی'' دەکەوێتە مەترسیەوە، دەرفەت بۆ هیچ دوودڵی لە بڕیار و باس و خواستێک نامێنێتەوە
منداڵانی چین
منداڵانی چین

K24 – ئه‌وروپا:

پەروەردەی شۆڕشگێڕی لە چین، هەمیشە چینی گەنجان دەگرێتەوە لەتەمەنی منداڵیانەوە، بەتایبەتیش لە شوێنە یاخیبووەکانەوە. پێویستە قوتابیان وا رابهێندرێن کاتێک ''هەڕەشەی سەر ئاسایشی نەتەوەیی'' دەکەوێتە مەترسیەوە، دەرفەت بۆ هیچ دوودڵی لە بڕیار و باس و خواستێک نامێنێتەوە.

لەسەرەتای مانگدا رێنمایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی خوێندن و قوتابخانەکان لە هۆنگ کۆنگ دەکرێت، چاودێری چالاکی قوتابیان و مامۆستایان بکرێت و وانە نوێیەکانی فێرکردن بەکاربهێنرێن بۆ دوورخستنەوەی ''هەڕەشەی سەر ئاسایشی نەتەوەیی'' کە هیچ دوودڵی و باس و خواسێک هەڵناگرێت.

یەکێک لە ناوەڕۆکی وانە نوێیه‌کان، بریتییە لە پیشاندانی فیلمی کارتۆنی بۆ منداڵانی تەمەن شەش ساڵ، کە باڵنده‌یه‌ك باس لە یاسای ئاسایش بۆ منداڵێکی کچ و کوڕ دەکات. واتە هەمان یاسا کە پەکین بەکاریدەهێنێت دژی هۆنگ کۆنگ بۆ دوورخستنەوەیان لە سەربەخۆیی و باس لە مانەوە و گەشەسەندن و ژیانێکی شایستە لە هۆنگ کۆنگ دەکات.

منداڵی ناو فیلمی کارتۆنەکە، لەژێر ئاسمانێکی بریسکەداری ژێر پانتاییەکی پارکی یاری قەرەباڵغی شاردا، کۆتایی دێت و دەڵێت: ئاواتمان ئەوەیە، کە خێزانەکانمان  و کەسانی دەوروبەرمان ژیانێکی ئاسوودە و سەقامگیر بەسەربەرن.

خەڵکی هۆنگ کۆنگ نابێت سەرسام بن، لەبەر ئەوەی سەر بە کۆماری میللی چینن، دەبێت هەموو یاساکانی ژیان و مۆدێلی کۆمەڵایەتی وەک هەموو کۆمەڵگای چینی قبووڵ بکەن، ئەمە بەشێکە لەو پەروەردە ماویەی هەمیشە لەژێر دەسەڵاتی خی ژینپینگ، کە بەشێوەیەکی تەواو بە لەدایکبوونەوە و نوێبوونەوەی ماویزم دەناسرێت. 

ئەم گۆڕانکارییە لە هزری خەڵکی هۆنگ کۆنگدا، بەشێوەیەکی پلانکراوو لە دوای ناڕەزایەتییە تووندوتیژییه‌كاننی قوتابیان لە ساڵی 1989 لە گۆڕەپانی تیێنانمین، لەزانکۆکانەوە دەستیپێکرد، سەرکردەکانی پارتی دەسەڵات گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە هەموو ئەو توندوتیژی و ناڕەزایەتیانە، بەهۆی نەبوونی پەروەردەی شۆڕشگێڕیە. بەوشێوەیە بڕیاری زیادکردنی وانەی تایبەت بە سیاسەت بۆ خوێندن و جەختکردنەوە بەشێوەیەکی تایبەت لەسەر سوکایەتییە مێژووییەکانی بە چین کراوە لەلایەن وڵاتانی بێگانەوە.

لەساڵی 2004 وە پەرتووکی نوێی خوێندن بۆ پۆلی ئامادەیی دانرا، کە باسی لە چۆنیەتی راهێنانی هاووڵاتیانی چینی لە ''تێڕوانینی جیهانی تەندروست'' دەکات.

خی ژینپینگ، بەشێوەیەکی زۆر خێرا کاری لەسەر دژە پڕوپاگەندە، بڕیارێکی ناسراوبە '' دۆکومێنتی 9''ی دەرکرد، کە قەدەغەی خوێندن و وتنەوەی حەوت پره‌نسیپی رۆژاوایی لەناویاندا، دیموکراتیەتی دەستور، کۆمەڵگای مەدەنی و سەربەستی رۆژنامەگەری دەرکرد. زانکۆکان بەشێوەیەکی توند بەرامبەر بەو بڕیارانە وەستانەوە، کە بەبۆچوونی ئەوان زانکو ناوەندی چالاکی سیاسی و گفتوگۆی ئازادە. بەوشێوەیەش روناکبیرە یاخیبووەکان بێدەنگ کران.

لەساڵی 2019 حکومەتی چینی رێنماییەکی نوێی بۆ قوتابیانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی بەناوی '' پارتی، وڵات، سۆشیالیزم و خەڵکی خۆشدەوێت''، لەناو قوتابخانە ئامادەییەکاندا کۆرسێکی ئیجباری کرایەوە بە ناوی بیرکردنەوەکانی خی ژینپینگ، نەک تەنها ئەوە، لەزۆربەی زانکۆکانی چیندا دەستکرا بە نووسین و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، کە راستەوخۆ مەمەڵەیان تەنها لەگەڵ  چۆنیەتی بیرکردنەوەکانی خی ژینپینگ بوو.

بەوشێوەیە، قوتابیانی چینی بەبێ ئەوەی هەستیان بۆ پارتی کۆمونیستی چینی هەبێت، بەڵام لە لێکۆڵینەو و تێزەکانیاندا هەمیشە پشتگیری لە دەسەڵات دەکەن، بەڵام رەخنەگرانە باس لە لایەنی دیموکتاسی و بازاڕی ئازاد دەکەن.

بەبۆچوونی پەکین بۆ بەدەستخستنی ئەنجامی باشتر، کاتی ئەوە هاتووە لە تەمەنی زۆر منداڵیەوە دەستپێبکرێت، لە باخچەی ساوایانەوە کار لەسەر شێوەی بیرکردنەوەو هزریان بکرێت، منداڵانی تەمەن پێنج ساڵان فێری گۆرانی شۆڕشگێڕی بکرێن، بیانبەن بۆ مۆزەخانەکانی باس لە مێژووی پارتی کۆمۆنیست و سەرکەوتنیان بەسەر ئیمپریاتۆریەتی ژاپۆنییه‌كان دەکات. بەردەوام داوا دەکرێت خۆشەویستی بۆ چین لەناخی منداڵاندا بچێنرێت.

لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەش تا ئێستاش هێشتا دەسەڵاتی چین لە هۆنگ کۆنگ تووشی کێشە و بەرەنگاربوونەوە دەبێت. تا ئێستاش زمانی کانتۆنێزێی خۆیان بەکار دەهێنن و بەردەوامن لە رێکخستنی گەشتی زانستی بۆ وڵاتانی جیهان.

پەکین لەپێناو زیادنەبوونی دەنگی ناڕازی لە هۆنگ کۆنگەوە، بەردەوام رێنمایی و بڕیارەکان توندتر دەکات و بابەتی خوێندنی لە زانکۆکاندا گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و لەدوا بڕیاردا، لەبەر رۆشنایی پابەندبوون بە ئاسایش،  هەرکەسێک یاخیببێت یان ناڕەزایی دەرببڕێت، دەخرێتە زیندانەوە.

سەرچاوە: رۆژنامەی لەریپوبلیکای ئیتاڵی