ئەمەریکا پشت لە نەوتی عێراق دەکات

"هاوردەنەکردنی نەوتی عێراق پەیامێکی واشنتنە بۆ بەغدا"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی وزەی ئەمەریکا، ھەفتەی رابردوو واشنتن ھیچ بڕە نەوتێکی لە عێراق ھاوردە نەکردووە و ھەفتەی پێشتریش تەنھا 115 ھەزار بەرمیل نەوتی لە عێراقەوە ھاوردە کردووە، بە بۆچوونی شارەزایانی ئابووری، ئەم بڕیارەی ئەمەریکا پەیامێکی سیاسییە کە واشنتن بە گوێی عێراقیدا دەدات.

لە ماوەی 7 رۆژی رابردوودا ھەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا سفر بووە، وەك لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی وزەی ئەمەریکا ئاشكرا كراوە، ھەفتەی رابردوو ئەمەریکا ھیچ بڕە نەوتێکی لە عێراقەوە ھاوردە نەکردووە، پسپۆرێكی ئابووری دەڵێ "گرنگە ئەم بڕیارەی ئەمەریکا کارنەکاتە سەر پەیوەندییە دبلۆماسیەکانی ئەمەریکا و عێراق، بەڵام گومانی تێدا نییە ئەوە پەیامێکی سیاسییە کە ئەمەریکا بە گوێی عێراقیدا دەدات لە رێگەی نەوتەکەیەوە".

ئەمەریکا دەیەوێت ئەو وڵاتە لە دەست تێوەردانە بەردەوامەکانی ئێران بپارێزێت، بە بڕوای مامۆستایەکی زانکۆ بەدەر لە بابەتی نەوت و ئابووری، گرنگی عێراق بۆ ئەمەریکا ئەوەیە کە نایەوێت ئێران ھەژمونی تەواوەتی بەسەر عێراقەوە ھەبێت.

شارەزایانی ئابووری و سیاسیەت ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، رەنگە یەکێک لە ھۆکارەکان بۆ وەرنەگرتنی ھیچ بڕە نەوتێکی عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە، ئەو شەپۆلە سەرما توندە بێت کە رووی لە چەند ناوچەیەکی ئەمەریکا کردووە ، بەڵام ئەمەریکا مەبەستی سەرەکی ئەوەیە کە  دەیەوێت لە رێگەی ئەم بڕیارەوە ئەوە بە عێراق بڵێت کە دەتوانێت بە ھۆکاری ئابووری عێراق دووچاری چەندین کێشە بکات، کە رەنگە سەر ئێشەی بۆ دروست بکات.