کارگەیەکی گەورەی شیش و ئاسن لە هەولێر دەكرێتەوە

توانای بەرهەمهێنان لە کارگەکە 350 هەزار تۆن شیشە لە ساڵێکدا
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

كارگەیەكی گەورەی شیش و جۆرەكانی، لەسەر رووبەری 250 دۆنم لە ھەولێر دەستی بە كار كردووە و نزیكەی 10 رۆژی دیكە بەشێوەی فەرمی دەكرێتەوە. لەو كارگەیە ھەلی كار بۆ نزیكەی ھەزار كەس دەرخەسێندرێت و توانای بەرھەم ھێنانی 350 ھەزار تەن شیشی دەبێ لە ماوەی ساڵێكدا.

بەڵێنەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ برەودان بە پڕۆژەكانی وەبەرھێنان بەتایبەتی لە بواری پیشەسازی جێبەجێكراون و بەشێكیشیان لە بواری جێبەجێكردن دان. ئەمجارەیان گەورەترین كارگەی بەرھەمھێنانی شیش لە شاری ھەولێر دەكەوێتە كار. د. محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان راستەوخۆ سەردانی ئەم كارگەیەی كردووە و بە كوردستان24ی راگەیاند، ئەم كارگەیە لە رووی كوالیتی و بەرھەمی زیاتر گرنگی خۆی دەبێت لە كوردستان و لە عێراق.

ئەو كارگەیە بە یەكێك لە چوار كارگەی گەورەی بەرھەمھێنانی شیش لە ناوچەكە ناوزەند دەكرێت، جیا لەوەی ئاستی كوالیتی ركابەری بەرھەمەكانی دەرەوە دەكات، بە گوتەی یەكێك لە خاوەنەكانی لە ھەمان كاتیش ھەلی كار بۆ ھەزار كەس لە كوردستان دەرەخسێنێ.

كارگەیە بەرھەمھێنانی شیش  لە ھەولێر، لە سەر رووبەری 250 دۆنم لە نزیك قوشتەپە دروستكراوە، لە ماوەی 10 رۆژی داھاتوودا بە شێوەی فەرمی دەست بە بەرھەمھێنان دەكات. بە كردنەوەی ئەو كارگەیە رۆژانە 145 تەن توانای بەرھەمھێنانی دەبێت. كارگەكە لە ساڵی 2012 مۆڵەتی وەبەرھێنانی وەرگرتووە و تێچوەكەی 300 ملیۆن دۆلارە، كاریگەری دەبێ لە گەشە سەندن و پەرەپێدانی ئابووری ناوخۆیی.