بەرزی نرخی زێڕ رێژەی هاوسەرگیری کەمكردووە

زێڕنگرێك: كڕینی زێڕ زۆر كەمبووەتەوە، بۆ ھاوسەرگیریش ھەمووی ناكڕن و چاوەڕێی دابەزینی نرخ دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

بەھۆی بەرزبونەوەی نرخی زێڕ پرۆسەی ھاوسەرگیری لە كوردستان کەمیکردوە، خاوەن زێڕنگرانیش دەڵێن، ئەگەر ساڵانی رابردو 20 مسقاڵ زێڕ بۆ مارەبڕین دیاریبکرایە، ئێستا بە پارەی ئەو20 مسقاڵە تەنھا دەتوانرێت 12 مسقاڵ بکڕدرێت، بۆیە  ئەو كەسانەی كە تازە ھاوسەرگیری دەكەن، کڕینی بۆ دوای دابەزینی نرخی زێڕ ھەڵدەگرن یاخود نایکڕن.

بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زێڕ سست بووە. بەشێك لە زێڕنگران ھۆكارەكەی بۆ ناجێگری نرخی زێڕ دەگەڕێننەوە و رایدەگەیەنن، ئەمە وایكردوە پڕۆسەی ھاوسەرگیریش كەمببێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا بەشێك لە خانمان كاتێك ھاوسەرگیری دەكەن، بەھۆی گرانی نرخی زێڕ كڕینی زێڕ دەخەنە دوای دابەزینی نرخەكەی یاخود چەند پارچەیەكی كەم دەكڕن.

حەسەن عومەر، یەكێكە لە زێڕینگرانی ھەڵەبجە بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا ھاوسەرگیری زۆر كەمبووەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و قەیرانی دارایی ھۆكاری سەرەكین. زۆر لە كوڕ و كچان كاتی ھاوسەرگیری دێن ئەڵقە و گوارە دەكڕن، بۆ ئەوەی دیكە چاوەڕێی دابەزینی نرخی زێڕ دەكەن".

گوتیشی: "ساڵانی پێشتر سێ تا چوار جار بۆ كڕین زێڕ دەچوینە وڵاتان، بەڵام ئەوە ماوەی دوو ساڵە بۆ ئەم مەبەستە نەچوینەتە ھیچ وڵاتێك، ئێستا كڕیاری زێڕ زۆر كەمبووەتەوە، فرۆشتن زیاترە".

ھەندێكجار زۆری داواکاری خانمان بۆ زێڕ، وایکردوە كوڕان سڵ لە ھاوسەرگیری بکەنەوە ئەمەش یەكێكە لە كەمبوونەوەی رێژەی ھاوسەرگیری، لە چاو جاران كەمتر ببێتەوە. مامۆستایەکی ئایینی پێیوایە ئەگەر ھاوسەرگیری لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێگەیەكی دروستی ئامانجدار بێت، ئەوا پێویست ناكات زێڕ و پارەی زۆر بكرێتە پێوەر، بە گوتەی ئەو مامۆستایە ئایینییە ناكرێت باری ئابووری و كڕینی زێڕ بخرێتە پێش بنەمای خۆشەویستی و رێزگرتن.

ئاوات نەقشبەندی، مامۆستای ئایینی گوتی: "شەرعی ئیسلامی دیاری نەكردووە كە مارەیی و زێڕ چەند بێت، پێغەمبەری ئیسلام فەرموویەتی: ئەو ھاوسەرگیرییە بەرەكەتی تێدەكەوێت كە مارەییەكەیان كەمبێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "یەكێك لە ھۆكارەكانی زیادبوونی رێژەی قەیرەیی، لایەنی داراییە، بۆیە گرنگە ئەگەر كچ و كوڕێك بیانەوێت بە یەكتر بگەن، ئەگەر رێز و خۆشەویستی لەنێوانیان ھەبێت، نەك ھەموو شتێك بە مارەیی و پارە ببەستنەوە".