ئامادەکارییەکانى سەردانى پاپا بۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەخرێتەڕوو

نێچیرڤان بارزانى: سەردانى پاپا دەرگایەکى فراونترى جیهانى بەسەر عێراق و هەرێمى کوردستاندا دەکاتەوە
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى  و نزار ئەلخەیروڵڵا بریکارى پێشکەوتووى وەزارەتى دەرەوەى عێراق
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى و نزار ئەلخەیروڵڵا بریکارى پێشکەوتووى وەزارەتى دەرەوەى عێراق

K24 – ھەولێر:

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە نزار ئەلخەیروڵڵا بریکارى پێشکەوتووى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، سەرۆکى لیژنەى باڵاى ئامادەکاری بۆ سەردانى قەداسەتى پاپا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا نزار ئەلخەیروڵڵا پوختەیەکى دەربارەى ئامادەکارییەکان و بەرنامەى سەردانەکەى پێشکەش بە نێچیرڤان بارزانى کرد و خۆشحاڵیى خۆى بە هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان لایەنە پەیوەندارەکانى حکوومەتى فیدراڵى عێراق و هەرێمى کوردستان دەربڕى و دووپاتىکردەوە، هەموو رێکار و رێوشوێنەکان وەک چۆن لەگەڵ لایەنى ڤاتیکان پلانیان بۆ دانراوە، لە عێراق و هەرێمى کوردستان ئامادە کراون و هەردوولا لە هەماهەنگی و پەیوەندیى بەردەوامدان.

لاى خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى، سەردانى قەداسەتى پاپاى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە مێژوویى لە قەڵەم دا کە دەنگدانەوەیەکى جیهانى دەبێت، هەروەها ستایش و دەستخۆشى پێشکەش بە نزار ئەلخەیروڵڵا و هاوکارى و هەماهەنگیى هەردوو تیمى ئامادەکارى سەردانەکە لە هەولێر و بەغدا کرد.

سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بە پەیام و بایەخ و گرنگیى سەردانى قەداسەتى پاپای بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان کرد کە دەرگایەکى فراونترى جیهانى بەسەر عێراق و هەرێمى کوردستاندا دەکاتەوە و مایەى خۆشحاڵیى هەموو پێکهاتەکانە، دەرفەتێکیشە بۆ قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و یەکترقبووڵکردنى نێوان هەموو پێکهاتەکان.

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە نزار ئەلخەیروڵڵا بریکارى پێشکەوتووى وەزارەتى دەرەوەى عێراق کرد
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە نزار ئەلخەیروڵڵا بریکارى پێشکەوتووى وەزارەتى دەرەوەى عێراق کرد