"تاوانەكانی جەنگ".. سكاڵایەك لەبەردەم دادگایەكی پاریسە بۆ لێكۆڵینەوە لە ھێرشە كیمیاوییەكانی سووریا

"سووریا ھێشتا بەرنامەی چەكی كیمیاویی چالاكە و دەسەڵاتدارانی سووریا فرت و فێڵ بەكاردەھێنن بۆ ھەڵخەڵەتاندنی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی"

K24 – ھەولێر:

سێ رێكخراوی نا حكومی رایانگەیاند، سكاڵایەكیان خستووەتە بەردەم دادگایەكی پاریس، سەبارەت بە "تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی"ی پەیوەست بە ھێرشە كیمیاوییەكانی لە سووریا ئەنجامدران لە ساڵی 2013، وئەنجامدانیشی دەدرێتە پاڵ رژێمی سووریا.

ھەر یەك لە رێكخراوەكانی "ناوەندی سووریا بۆ راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین"، "ئۆبن سۆسیایەتی جاستس ئینشتیف" و "ئەرشیفی سووریا" ئەم سكاڵایەیان پێشكەشكردووە، لە پێناو لێكۆڵینەوە لەو ھێرشانەی بە غازی سارین كران لە ئابی 2013 لە دۆما و غۆتەی رۆژھەڵات لە نزیك دیمەشق ئه‌نجامدراون.

ئەو رێكخراوە ناحكومیانە روونیانكردووەتەوە، ئەو سكاڵایە، كە پشت بە ژمارەیەكی زۆر لە گەواھیدەران  و بەڵگەی متمانەپێكراو دەبەستێت لە نێوانیاندا وێنە و بڕگەی ڤیدیۆیی ھەنە، دەبێت رێگا بدات "بەدەستنیشانكردنی بەرپرسیارییەتی ئەو كەسانەی فەرمانیان بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە داوە و ھەروەھا ئەوانەی جێبەجێیانكردووە"، ئەو رێكخراوە ناحكومیانە جەختیانكردەوە لەوەی "شیكردنەوەیان بۆ رێزبەندی فەرماندەیی سەربازیی سووریا"یان كردووە.

ھادی خەتیب، بەڕێوەبەری "ئەرشیفی سووریا" لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "كۆمەڵەیەك لە رزگاربووانی ھێرشە كیمیاوییەكان و "ناوەندی سووریا بۆ راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین" و بە پشتیوانی ئەرشیفی سووریا و دەسپێشخەری دادپەروەری كۆمەڵگای كراوە، سكاڵایەكی تاوانبارییان پێشكەش بە دادوەری لێكۆڵینەوە كردووە لە فەرەنسا بۆ كردنەوەی دۆسیه‌ی لێكۆڵینەوە لە تاوانی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاوی".

مازن دەروێش بەڕێوەبەری "ناوەندی سووریا بۆ راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین" گوتی: "جگە لە لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە، دەبێت وڵاتان ھاریكاربن لە پێناو دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی تایبەت بۆ دادگاییكردنی تاوانباران".

ئەو سێ رێكخراوە نا حكومییە لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2020 سكاڵایەكیان پێشكەش بەداواكاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا كرد بۆ لێكۆڵینەوە لەو ھێرشانەی لە ساڵی 2013 ئەنجامدران، ئەمەشیان ھەر پەیوەست بوو بە غازی سارین، كه‌ لە نیسانی ساڵی 2017 لە خان شیخۆن به‌كارهێنراوه‌.

بەپێی راپۆرتێكی "ئۆبن سۆسیایەتی جاستس ئینشتیف" و "ئەرشیفی سووریا" لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2020، جەختیانكردووەوە لەوەی "سووریا ھێشتا بەرنامەی چەكی كیمیاویی چالاكە و دەسەڵاتدارانی سووریا فرت و فێڵ بەكاردەھێنن بۆ ھەڵخەڵەتاندنی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی".