رووحانی: دانووستان له باره‌ی رێككه‌وتنی ناووكی ناكه‌ینه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران، حه‌سه‌ن رووحانی، رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی هه‌رگیز جارێكی دیكه ده‌ست به دانووستان له باره‌ی رێككه‌وتنی ناووكی ناكاته‌وه.
سه‌رۆكی ئێران له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ هاوتا فه‌ره‌نساییه‌كه‌ی، ئیمانوێڵ ماكرۆن، گوتی: ئێمه ئاماده نین بۆ ژیاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ناووكی و لاچوونی سزاكانی سه‌ر ئێران ده‌ست به دانووستان بكه‌ینه‌وه.
رێككه‌وتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌ڵمانیا له ناوه‌ڕاستی ته‌مموزی 2015 له برۆكسل واژوو كرا.
له 2018دا ئیداره‌ی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ له رێككه‌وتنه‌كه پاشه‌كشه‌ی كرد و سزای به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پانده‌وه.
رووحانی گوتیشی: رێككه‌وتنی ناووكی، رێككه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی فره‌لایه‌نه و به گوێره‌ی بڕیاری 2231ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی په‌سند كراوه.
روونیشیكرده‌وه، له به‌رامبه‌ر كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێكه‌وتنه‌كه و ده‌سته‌وه‌ستانی ئه‌وروپاییه‌كان له جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانیان، ئێمه‌ش ناچار بووین هه‌ندێك له ئاستی پابه‌ندبوونمان كه‌مبكه‌ینه‌وه.
رووحانی ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی ده‌ربڕی بۆ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌كانی، ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ره‌كانی پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان و ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه ببن.