ته‌ندرووستی جیهانی: له 2050 یه‌ك له چواری جیهان كێشه‌ی بیستنیان ده‌بێت
K24 – هه‌ولێر:
رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی پێشبینی ده‌كات، له 2050دا، نزیكه‌ی دوو ملیار و نیو كه‌س له جیهاندا كێشه‌ی بیستنیان هه‌بێت. واته یه‌ك له چواری كۆی دانیشتوانی گۆی زه‌وی.
رێكخراوه‌كه جه‌ختیكردووه‌ته‌وه، پێویسته كاری به په‌له بكرێت بۆ پاراستنی ته‌ندروستی گوێ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی بیستن.
به گوێره‌ی مه‌زنده‌ی رێكخراوه‌كه، لانیكه‌م 700 ملیۆن كه‌س پێویستیان به‌وه ده‌بێت، چاره‌سه‌ری گوێ و كێشه‌ی بیستن وه‌ربگرن.
رێكخراوه‌كه، روونیكردووه‌ته‌وه، 60 له سه‌دی حاڵه‌ته‌كانی بیستن لای منداڵان به هۆی كوتانی دژ به سورێژه‌ی ئه‌ڵمانی، هه‌وكردنی توێژاڵی پێست، زوو له‌دایكبوون و دره‌نگ ئاشكرابوونی هه‌وكردنی گوێی ناوه‌ڕاست.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی ته‌ندرووستی جیهانی پێویسته گه‌نجان خۆیان له ژاوه‌ژاو بپارێزن و له‌و ده‌رمانانه دوور بكه‌ونه‌وه، كه زیان به گوێچكه‌یان ده‌گه‌یه‌نێت.
حاڵه‌ته‌كانی له‌ده‌ستدانی بیستن، كه چاره‌سه‌ر نه‌كراون، ساڵانه 750 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكیی تێچوویان هه‌یه. به تایبه‌تی دابینكردنی ئامێری تایبه‌ت به بیستن.
به ڕێوبه‌ری گشتیی ته‌ندرووستی جیهانی، تیدروس ئه‌دهانۆم گیبرییسۆس، رایگه‌یاند، له‌ده‌ستدانی توانای بیستن، كه چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، كاریگه‌ری وێرانكاری له‌سه‌ر توانای مرۆڤ هه‌یه بۆ په‌یوه‌ندیكردن و درێژه‌دان به خوێندن و په‌یداكردنی بژێوی ژیان و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌شی له‌سه‌ر ته‌ندرووستی ده‌روونی كه‌سه‌كان هه‌یه.