كاروانێكی دیكەی ڤاكسین دەگاتە ھەرێمی كوردستان

بەپێی پێویستی بەسەر شارەكانی كوردستان دابەش دەكرێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

وەزیری تەندروستی ئاشكرای كرد، ھەفتەی داھاتوو كاروانێكی دیكەی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا دەگاتە ھەرێمی كوردستان.

دوێنێ 2/3/2021 كاروانی یەكەمی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی گەیشته‌ ھەرێمی كوردستان، كە 5 ھەزار پێكوتەیە، لەسەر بنەمای بەشی پێداویستی تەندروستی پارێزگاكان، وەزارەتی تەندروستی بڕەكە بەسەر سەرجەم شارەكانی ھەرێمی كوردستان دابەش دەكات. ھەر كەسێك كە ڤاكسینەكە بەكاربێنێت، دەبێ دووجار پێكوتەكەی لێبدرێت.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی رایگەیاند، لە قۆناغی یەكەم لە ھەشت سەنتەر ھەڵمەتی كوتان بۆ كارمەندانی تەندروستی دەستپێدەكات.

گوتیشی "وەزارەتی تەندروستی عێراق بەڵێنی داوە ھەفتەی داھاتوو كاروانێكی دیكەی ڤاكسین، بۆ ھەرێمی كوردستان بنێرن. 

نی رووچی كونسوڵی چین لە ھەولێر رایگەیاند، لە ھاوكاریكردنی ھەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی ڤاكسین بەردەوام دەبن.

بەرەبەیانی رۆژی 2/3/2021 یەكەم كاروانی ڤاكسین لە چینەوە گەیشتە عێراق كە 50 ھەزار پێكوتەیە، دوێنێ ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسین لە چەند ناوەندێكی تەندروستی عێراق دەستیپێكرد.