"گەڕانەوە بۆ مووسڵ لەناو كاولكارییه جێهێڵراوەکانی داعش بۆ کریستیانەکان"
K24 – ئهوروپا:
لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەردانی پاپا فرهنسیس، لە ڤاتیکانەوە بەرەو عێراق و سەردانیکردنی بەغدا و مووسڵ و هەولێر، رۆژنامەکانی ئیتاڵیا گرنگی بەو سەردانە دەدەن و ئەو کارەساتە دەگێڕنەوە، کەبەسەر کریستیانەکانی مووسڵ هاتووە، بهتایبهتیش دوای داگیرکردنی شارەكه لەلایەن داعشەوە.
نێردراوی رۆژنامەی "کۆریێرێ دێللە سێرا"، لۆرێنتسۆ کرێمۆنێزی، سەردانی شاری مووسڵی کردووە و لە راپۆرتە هەواڵێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دوای (4) ساڵ بەسەر تێکشکاندنی داعش لە مووسڵ، پاپا سەردانی دەکات. (4) گەورە کڵێسەی ئەو شارە کە (400) ساڵ مێژوویان هەیە و نوێترینیان کڵێسەی ئال تاهیرە، کە تەمەنی (150) ساڵە، جگە لە كاولكارییهكانی داعش، لەکاتی ئازدکردنی مووسڵ لەلایەن هاوپهیمانانەوە بۆردومانکرا و رۆکێتێکی بەرکەوتبوو، داعش ئەو كڵێسایانهی وەک گرتووخانە یان وەک دادگا بەکاریدەهێنان.
رۆژنامەنووس لۆرێنتسۆ کرێمۆنێزی، لەگەڵ گەڕان بەناو كڵێساكاندا و تۆمارکردنی چەندین دیمەنی وێرانكارییهكانی داعش دەنووسێت: "کریستیانەکان چاوەڕێی هاتنی پاپا فرانسیس-ن، بەڵام کەسانی ئەوتۆی لێنەماوە، دیندارەکان، قەشەکان، نوێژکردن، کولتوور هەمووی لەناوبران، ئەوەی کە ماوە شوێنەواری كڵێسا هەرە کۆنەکانی کۆمەڵگای کۆنی کریستیانەکانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ستوونە مەڕمەڕەکان تێکشکێندراون و تێکدراون، خاچەکان کراونەتە خۆڵ، پەرستگاکان بوونەتە شوێنی حەوانەوەی سەرباز، گەڕەکەکان چۆڵکراون و بوونەتە خۆڵ و خاشاک".
لە راپۆرتە هەواڵەکەیدا لۆرێنتسۆ کرێمۆنێزی ئاماژە بە مێژووی دووری دروستکردنی كڵێسا دەکات، دروستکردنی كڵێساكانی عێراق لەلایەن سان تۆماسەوە، لە سەدەی یەکەمی دوای مەسیح بنیاتنران، تا رزگارکردنی عێراق لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە ساڵی (2003)، پەنجا هەزار کریستیان لە مووسڵ دەژیان. کۆچکردنیان لەدوای هێرشکردنە سەریان و دزیکردن لە كڵێساكان دەستیپێکرد، کاتێک داعش لە حوزەیرانی ساڵی (2014) موسڵی داگیرکرد، بووە هۆی راکردنی ئەو (2) ههزار کەسەی مابوون و بە داگیرکردن لەلایەن داعشەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ، کەسی تێدا نەما، واتە دوای تێکشکاندنی داعش لە ساڵی (2017)، نزیكهی (70) خێزانێک گەڕانەوە، کە زۆربەیان بەتەمەنەکان بوون و دەکرێت بگوترێت هەموویان (150) کەس دەبوون، بەڵام هەموویان لە دوودڵیدا دەژیان و هەمیشە بارگه و بنهیان ئامادەبوو بۆ راکردن لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراوی دیكهدا.
د.ی