بانکی ناوەندی عێراق بڕیارێکی نوێ دەدات

یەک ترلیۆن دینار سوودەکانی سەر قەرز کەمدەكەنەوە
بانكی ناوەندی عێراق - بەسرە
بانكی ناوەندی عێراق - بەسرە

K24 - ھەولێر

بانکی ناوەندی عێراق بڕیارێکی نوێ لەبارەی دابەزاندنی سەرجەم سوودی سەر قەرز دەردەکات، کە لە چوارچێوەی دەستپێشخەری یەک ترلیۆن دۆلاریدا بێت.

بانکی ناوەندی لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، پەرۆشن بۆ کارکردن و لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە تایبەتەی بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابووری و لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا دروستبووە، بۆیە بڕیاریان داوە لە چوارچێوەی دەستپێشخەری یەک ترلیۆن دینار سوودەکانی سەر قەرزیش کەمبکەنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بانکی ناوەندی رێژەی سوود بۆ پڕۆژە گەورەکان بۆ 1% کەمدەکاتەوە لە بری 2%، هەروەها ئەو بانکانەی قەرزی نیشتەجێبوون دەدەن سوودەکانیان لە 4% بۆ 2% کەمدەکرێتەوە. سەرەڕای ئەوەش گۆڕانکاری لە عمولەی بانکی ناوەندی بۆ قەرزی نیشتەجێبوون دەکرێت، کە لەبری حەوت بۆ هەر هەزارێک بۆ پێنج بۆ هەر هەزارێک کەمدەکرێتەوە.

هاوکات جەختیشیان لەوە کردووەتەوە سەرجەم سوودەکان، بۆ سەر بانک و کۆمپانیاکان دەبێت لە رێگەی کەمکردنەوەی ئاشکراوە بێت.