داعش سێ خانمە میدیاکار لە ئەفغانستان دەکوژێت
K24- هەولێر:
رێکخراوی داعش، بەرپرسیارەتی کوشتنی سێ خانمە میدیاکار کە لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنێکی ئەفغانستان کاریان دەکرد دەگرێتە ئەستۆ.
سێ خاتوونەکە بە ناوەکانی، مورسال واحیدی، سەعدییە سادات و شیراز، تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 20 ساڵان بوون، کاریان بۆ تەلەڤزیۆنی ئینکاس دەکرد، لە دوو هێرشی جیاواز کوژران.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە مەراسیمێکدا بە خاکسپێردران.
سەرەتا حکومەتی ئەفغانستان تاڵیبانی بە هۆکاری کوشتارەکە تۆمەتبار بکرد و دوو کەسی دەستگیر کرد، بەڵام داعش لە راگەیەندراوێک، بەرپرسارەتی گرتە ئەستۆ.
لە راگەیەندراوەکەی داعش هاتووە، سێ ژنمان کردە ئامانج کە کاریان بۆ میدیایەک دەکرد دڵسۆز بوو بۆ حکومەتی ئەفغانستان.
خێزانی یەکێک لە قوربانییەکان بە ئاژانسی ئەی ئێف پی راگەیاندووە: "ئەو تەنها بۆ هاوکاری دارایی ماڵەوەیان کاری دەکرد، کەسیش هۆشداریی پێنەدا و کوشتیان''.
ژنانی ئەفغانستان تەواو بێبەشن لە ئازادییەکانیان بەوەی رێکخراوە تیرۆرستییەکانی وەک تاڵیبان و داعش، رێگا لە خوێندن و کار و مامەڵەی سەربەخۆی ژنان دەگرن. یەکەمجاریش نییە ژنان بەهۆی کارکردن و خوێندنەوە، دەکوژرێن یان هەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکرێت.