پارتی دادوگه‌شه‌پێدان: هه‌ده‌په‌ له‌ رێی پەرلەمان و دادگاوه‌ دادەخەین

"ئێمە ئەو پارتییە كوردییە لە رووی سیاسی و دادگایی دادەخەین و لەناو ویژدانی گەلی توركیاشدا لەناوی دەبەین"
پەرلەمانی توركیا
پەرلەمانی توركیا

K24 – ھەولێر:

جێگری سەرۆكی كوتلەی حزبی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، لە پەرلەمانی توركیا، جاھید ئۆزكان بەڵینی ھەڵوەشاندنەوەی پارتی گەلانی دیموكراتیك (هه‌ده‌په‌)ی دا و تۆمەتباریكرد بە "فێڵكردن لە دەنگدەرانی".

ئۆزكان گوتی: "ئەو ھاوپەیمانییە نھێنی و راگەیاندراوانەی ھەر پێنج حزبی بەرھەڵستكار پێكیانھێناوە، وێڕای لێك نەچوونیان لە رووی تێڕوانینەوە، روانگەیەكی روونیان نییە لە بارەی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی لابردنی پارێزبەندی لە سەر پەرلەمانتارە كوردەكان".

گوتیشی: ئامانج لە لابردنی پارێزبەندی لەسەر ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی گەلانی دیموكراتیك بواركردنەوەیە لەبەردەم سكاڵاكردن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حزبەكە.. ئێمە ئەو پارتییە كوردییە لە رووی سیاسی و دادگایی دادەخەین و لەناو ویژدانی گەلی توركیاشدا لەناوی دەبەین".

لە قسەكانی بەردەوام بوو وگوتیشی: " 6 ملیۆن ھاووڵاتی دەنگیان بە پارتی گەلانی دیموكراتیك داوە، كە حەزیان لە ئاشتی بووە و پشتیان بەو گوتارانەی دیموكراتی و ئازادی بەستبوو، كە لە لایەن ئەندامەكانی ئەو حزبە ناوە ناوە باس دەكران، ئەو دەنگدەرانە دەنگیان نەداوە بۆ ئەوەی ببێتە پاشكۆی رێكخراوێكی تیرۆریستی یان رێكخراوێكی تیرۆریستی سوودیان لێوەرگرێت".

سەرچاوە: RT