رووحانی: به هیچ گۆڕانكارییه‌ك له رێككه‌وتنی ناووكی رازی نابین
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران، حه‌سه‌ن رووحانی، رایگه‌یاند، هیچ دانووستانێك له باره‌ی رێككه‌وتنی ناووكی ناكه‌ینه‌وه. رازیش نین هیچ به‌ندێكی نه بۆ زیاد بكرێت و نه بۆ كه‌مبكرێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (4ی ئازار/ مارسی 2021)، حه‌سه‌ن رووحانی له باره‌ی رێككه‌وتنی ناووكی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك، قسه‌ی كرد و گوتی: ئێمه رازی نین هیچ جۆره هه‌موارێكی ئه‌و رێككه‌وتنه بكرێت. هیچ گۆڕانكارییه‌ك په‌سند ناكه‌ین و پێویسته واشنتن پێوه‌ی پابه‌ند بێت.
گوتیشی: پێویسته ئه‌مه‌ریكا، به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه بۆ رێككه‌وتنی ناووكی، سزاكانی سه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ڵبگرێت.
رووحانی ئه‌وه‌شی گوت: ئه‌گه‌ر ئیداره‌ی بایدن جددیه له گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی دیپلۆماسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، با بگه‌ڕێته‌وه بۆ رێككه‌وتنی ناووكی و سزاكانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگرێت. به پێچه‌وانه‌وه خۆیان به‌رپرسیار ده‌بن له لێكه‌وته‌كانی ئه‌و دواكه‌وتنه.
سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران، روونیكرده‌وه، به هه‌ده‌ردانی كات له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كدا نییه و واشنتن ده‌بێت خۆی به‌رپرسیارێتی لێكه‌وته‌كان بگرێته ئه‌ستۆ.
له باره‌ی سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌یه‌وه، گوتیشی: تاران ئاماده‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆجێبه‌جێكردنی ته‌واوی ئه‌و پابه‌ندیانه‌ی به گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه ده‌كه‌ونه ئه‌ستۆی و ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنی سزاكان ئێمه پابه‌ندییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها گوتی: ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكی، ناكرێته بكرێته شوێنی كاری سیاسی و پێویسته ترۆیكای ئه‌وروپا بزانن كاری ئاژانسه‌كه ته‌كنیكییه و سیاسی نییه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌وروپاییه‌كان، له لایه‌كه‌وه داوای دۆستایه‌تی ئێران ده‌كه‌ن و له لایه‌كی دیكه‌وه له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكی دژی ئێران قسه ده‌كه‌ن. باشتره وڵاتانی ئه‌وروپایی ئه‌و هه‌وڵانه‌یان بوه‌ستێنن، كه بۆ ده‌ركردنی بڕیارێك له‌لایه‌ن ئاژانسه‌كه‌وه دژی ئێران خستوویانه‌ته‌گه‌ڕ.
سه‌رچاوه: RT
وه‌رگێڕان: ئ.ر