له‌ ناسرییه‌ سێ كه‌سی دیكه‌ له‌سێداره‌ دران

حكومه‌تی عێراق، سێ كه‌سی دیكه‌ی له‌سێداره‌دا، كه‌ تۆمه‌تی كرده‌ی تیرۆریستیان له‌ دادگا به‌سه‌ردا ساغ كرابوویه‌وه‌.
زیندانی حوت
زیندانی حوت

K24 – هه‌ولێر:

حكومه‌تی عێراق، سێ كه‌سی دیكه‌ی له‌سێداره‌دا، كه‌ تۆمه‌تی كرده‌ی تیرۆریستیان له‌ دادگا به‌سه‌ردا ساغ كرابوویه‌وه‌.

سێ حوكمدراوه‌كه‌ له‌ زیندانی "حوت" بوون له‌ ناسرییه‌ی باشووری عێراق، كه‌ ته‌نیا زیندانێكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی تێدا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

جێبه‌جێكردنی ئه‌و سزایه‌، له‌ كاتێكدایه‌ عێراق ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ پێشوازیكردن له‌ پاپای ڤاتیكان.

ئه‌مه‌ سێیه‌م جاره‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا، سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر حوكمدراواندا جێبه‌جێ بكرێت.

پێشتر پێنج كه‌س به‌ تاوانی تیرۆر سزا درابوون و له‌ 9ی شوباتی رابردوودا له‌سێداره‌ دران.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشدا، سێ كه‌سی دیكه‌ له‌سێداره‌ دران، كه‌ تۆمه‌تبار بوون به‌ ئه‌نجامدانی هێرشێكی تیرۆریستیی له‌ به‌غدا، كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی 32 هاووڵاتی.

له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی رابردوو، له‌ عێراق 21 كه‌سی دیكه‌ له‌سێداره‌ دران. 

كۆمیسیاری باڵای مافه‌كانی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، میشێل باشلیه‌، رایگه‌یاند، به‌رده‌وامی جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان مایه‌ی نیگه‌رانیمانه‌.

له‌ 2005 یاسای تیرۆر له‌ عێراق ده‌رچوو، به‌ گوێره‌ی یاساكه‌ هه‌ركه‌س له‌ كرده‌وه‌ی تیرۆریستییه‌وه‌ بگلێت، به‌ له‌سێداره‌دان سزا ده‌درێت. ته‌نانه‌ت هه‌ركه‌س په‌یوه‌ست بێت به‌ گرووپێكی توندڕه‌وه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هیچ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆیستیشی نه‌كردبێت، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.

له‌ 2017ه‌وه‌، عێراق سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یاندووه‌ و له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا سه‌دان كه‌س به‌ تۆمه‌تی كرده‌ی تیرۆریستیی به‌ له‌سێداره‌دان سزا دراوون، به‌ڵام به‌شێكی كه‌می سزاكان جێبه‌جێ كراوه‌.

هه‌ر بڕیارێكی له‌سێداره‌دان، پێویستی به‌ واژووی سه‌رۆكی كۆماری عێراقی ئیتیحادی، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵحه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق به‌ر له‌ دوو مانگ رایانگه‌یاند، ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر له‌سێداره‌دانی 340 كه‌س وه‌رگرتووه‌، كه‌ تاوانی تیرۆریان به‌سه‌ردا ساغ بووه‌ته‌وه‌.

دوای چین و ئێران و سعوودییه‌، عێراق له‌ پله‌ی چواره‌می ئه‌و وڵاتانه‌ دێت، كه‌ زۆرترین ژماره‌ی سزای له‌سێداره‌دانیان جێبه‌جێ كردووه‌.

رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه‌ گه‌نده‌ڵی تێیاندا بڵاو بووه‌ته‌وه‌ و به‌ خێرایی پرۆسه‌ی دادگاییكردنی تۆمه‌تباران به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و ده‌رفه‌ت ناده‌ن تۆمه‌تباره‌كان دادگاییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بكرێن و به‌ له‌سێداره‌دان سزایان ده‌ده‌ن.