رۆژین پڕۆژه‌یه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ژیان راده‌گه‌یه‌نێت

فێستیڤاڵی "بووكی كوردستان" به‌شێكه‌ له‌و پڕۆژه‌یه‌
author_image Kurdistan24
هونه‌رمه‌ند،
هونه‌رمه‌ند،

K24 - هه‌ولێر:

هونه‌رمه‌ند رۆژین، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، له ‌رۆژی "ژنان" پڕۆژه‌یه‌ك ده‌خاته‌ روو و هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن.

رۆژین گوتی: "بۆ رۆژی (8ی مارس) به‌نیازی پڕۆژه‌یه‌كی هه‌مه‌جۆرم بۆ ژنان، كه‌ كه‌رتی كشتوكاڵیش ده‌گرێته‌وه‌،‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و ژنانه‌ی له‌ژێرده‌ستی داعش رزگاریان بووه‌، له‌كه‌مپی ئه‌سیان، له‌گه‌ڵ درووستكردنی گرووپێكی میوزیك بۆ كچانی شنگال، كه‌ گۆرانی ده‌ڵێن، بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌یان ده‌كه‌ین، تا (50) ساڵی دیكه‌ بتوانین فێستیڤاڵ بكه‌ن، یه‌كێك له‌و فێستیڤاڵانه‌ش، "بووكی كوردستان"ه‌".

گوتیشی: "له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ شتی جۆراوجۆر ده‌كرێت، ژنان له‌ سلێمانی، دهۆك،‌ هه‌ولێر و زاخۆ، بازاڕێك ده‌كه‌نه‌وه‌، كاری ده‌ستی تێدا ده‌فرۆشن، جگه‌ له‌وه‌ش، له‌ فێستیڤاڵه‌كه‌ رێز له‌ كچان و ژنانی ئه‌نفال ده‌گیرێت، وێنه‌یان هه‌ڵده‌واسین، رێز له‌ "له‌یلا قاسم" و "مارگرێت" ده‌گیرین، كه‌ "مارگرێت" مه‌سیحی بووه‌، ئه‌مه‌ هه‌م نه‌ته‌وایه‌تییه‌، هه‌م پێكه‌وه‌ژیانه‌".

رۆژین روونكرده‌وه‌، "گرووپی "روبا"، كه‌ له‌ (رۆژهه‌ڵات، رۆژئاوا، باشوور و باكوور)ه‌وه‌ هاتووه‌، یه‌كێك ده‌بێت له‌ پڕۆژه‌كانمان، كه‌ خه‌ونی من و دكتۆر سه‌عید بووه‌، له‌هه‌مانكاتدا هاوكاری (20) دایكی شه‌هید ده‌كرێت".

روونیشكرده‌وه‌، له‌ پڕۆژه‌كه‌یاندا ته‌نیا ژن نین، به‌ڵكو پیاویش هاوكاریی پڕۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ژن ژنه‌، پیاو پیاوه‌، به‌ڵام شێر هه‌ر شێره‌، چ ژنه‌ چ پیاوه‌.

رۆژین ئاشكرای كرد، هاوسه‌رگیری كردووه‌ و ناوی هاوسه‌ره‌كه‌ی "مه‌سعود"ه‌ و ئه‌و ناوه‌ی زۆر پێخۆشه‌.

د.ی