نرخی خۆراک بۆ بەرزترین ئاست بەرزدەبێتەوە

لە دوای 2014 یەكەمجارە بگاتە ئەو ئاستە
خۆراك
خۆراك

K24 - ھەولێر

نرخی خۆراك لە جیھاندا بەشێوەیەكی بەرچاو روو لە بەرزبوونەوەیە، كە لە 2014 ـەوە ھاوشێوەی نەبووە.

رێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە راپۆرتێكیدا رایگەیاند، نرخی خۆراكی جیھان بۆ 9 مانگی لەسەر یەكە روو لە بەرزبوونەوەیە و بەوەش دەگاتە بەرزترین ئاستی لەوەتەی تەمموزی 2014 تاوەكو ئێستا.

لە راپۆرتەكەدا ھاتووە، مانگی رابردوو ناوەندی تێكڕای پێنوێنی خۆراك گەیشتووەتە 116.0 خاڵ بەراورد بە كانوونی دووەم، كە ئەو كات 113.2 خاڵ بووە.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، بەرووبوومەكانی دانەوێڵە لە جیھاندا تاوەكو ئێستاش ئاڕاستەی بەرزبوونەوەیان گرتووە و پێنوێنییە سەرەكییەكان دەریدەخەن، ئەمساڵ زیادە لە ئاستی بەرھەمھێناندا تۆماردەكرێت و ئەو بەرزبوونەوە بەرچاوەش لە بەرھەمەكانی خۆراك ھاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەكان لە بازاڕەكانی جیھاندا.