پێكھاتەكانی شارەدێی باشیك داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن

K24 – ھەولێر:
شارەدێی باشیك، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەشتی نەینەوایە و چەندین پێكھاتەی تێدا دەژین، دانیشتوانی بە سەردانەكەی پاپا دڵخۆشن و دەڵێن: سەدان ساڵە پێكھاتەكانی ئەو شارەدێیە بە ئاشتییانە پێكەوە دەژین، بەڵام دوای ئازادكردنی ناوچەكە لەدەستی داعش، ترسیان لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكەیان ھەیە و داوا دەكەن بە ھاتنی پاپا رێككەوتن لە نێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق بكرێت و پێشمەرگە ببۆ پاراستنی ناوچەكەیان گەڕێتەوە.
كۆر گەرمە و باس باسی ھاتنی پاپای ڤاتیكانە، ھاووڵاتیانی باشیك، خۆشحاڵن بە ھاتنی پاپا بۆ عێراق و بە تایبەت بۆ ناوچەی ئەوان لە قەرەقۆش.
عادل یونس، ھاووڵاتی گوتی: "پێش داعش پێكھاتە و ئاییننە جیاوازەكانی باشیك وەك كریستیان، ئێزدی، موسڵمان، پێكەوە دەژیان و ھیچ كێشەیەكیان نەبوو، بەڵام كە داعش ھات ھەموویان دەربەدەر بوون، ھاتنی پاپا ھیوایەك بۆ ئێمە دروست دەكات، متمانەی زیاترمان بەخۆمان دەبێت".
جەلال حەسەن، ھاووڵاتی گوتی: "ھاتنی پاپا بۆ عێراق زۆر گرنگە، چونكە كاریگەری لەسەر ھەمووجیھان دەبێت، ئێمە داوا دەكەین لێكنزیكبوونەوەی زیاتر لە نێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق درووست بێت، ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن".
ھەر چەندە زۆربەی خەڵکی باشیک گەڕانەتەوە ناوچەكانیان، بەڵام ھەست بە ئارامی و سەقامگیری ناکەن و داوادەكەن، ھاتنی پاپا ببێتە ھەنگاوێك بۆ لەیەكتر نزیكبوونەوەی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عیراقی فیدراڵ و جاریكی دیكە پێشمەرگە بگەرێنەوە ئەو ناوچەیە.
فیراس تالع، ھاووڵاتی: "پێکھاتە ئایینیەكان بەسەدان ساڵە لەم ناوچەیە بەیەكەوە دەژین، بەڵام دوای رزگاركردنی باشیك لە دەست داعش، ئێستا مەترسی گۆڕینی دومۆگرافیای ناوچەكە ھاتووەتە ئاراوە، خەڵكی رەسەنی ناوچەكە، داوا بە ھاتنی پاپای ڤاتیكان ، ئەم كێشەیە چارەسەر ببێت و خەڵكی رەسەنی ناوچەكە، ماڵ و موڵكیان لە دەست نەدەن.
پێش سالی 2014ێ زۆربەی دانیشتوانانی ناحیەی باشیك لە موسڵمان و کرستیان و زۆرینەی ئێزدی پێكھاتبوو، كەچی ئێستا زتاتر لە 400 خێزانی نوێ، كە خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچەیە نین نیشتەجێ كراون ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی و دڵگرانی پێكھاتە رەسەنەكانی ئەو ناوچەیە.