پێكھاتەكان پێشوازی لە سەردانی پاپا فرانسیس دەكەن

K24- ههولێر:
سەردانى قەداسەتى پاپا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان، دەرگایەکى فراونترى جیهان بەسەر عێراق و هەرێمى کوردستاندا دەکاتەوە و مایەى خۆشحاڵیى هەموو پێکهاتەکانە، دەرفەتێکیشە بۆ قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و یەکترقبووڵکردنى نێوان هەموو پێکهاتەکان. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانيش رایگهیاند، سەردانەکەی پاپا دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پاراستنی زیاتری قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەزموونی جوانی خۆی لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، نیشانی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بدات لایەنە سیاسیەکانيش پێشوازی لە سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان دەکەن، بۆ نيشاندانى ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بەبێ بوونی هیچ هەستیاریی و دەمارگیرییەک، وهك خەسڵەتێکی ئهو هەرێمه، ھێمن شێخانی، ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژهی بهوه كرد، سەردانەکەی پاپا دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی ھەرێمی کوردستان لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پاراستنی زیاتری قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ ھەرێمی کوردستان جگە لە قوڵبوونهوهى زیاتری پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە رووی ئابووری و سیاسیشەوە به قازانج بۆ ھەرێمی کوردستان تهواو دەبێت، بێکەس قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتی: پاپا سەردانی ھەر شوێنێکی کردبێت، ئەو ناوچەیە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا ھاتووە.
پاپای ڤاتیکان دوای کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستان لە یاریگای شەهید فرەنسۆ حەریری، چاوی بە دەیان هەزار هاووڵاتی مەسیحی دهكهوێت، کە بەهۆی شەڕی گرووپە تائیفی و تیرۆریستییەکانی عێراقەوە ماڵ و حاڵی خۆیان لە شارەکانی ئەو وڵاتە بەجێهێشتووە و هەرێمی کوردستان باوەشی بۆ کردوونەتەوە، ئهو كريستيانانهى بەهۆی هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ناوچەکانی خۆیان بەجێ هێشتووە و لە هەرێمی کوردستان بە ئازادی دەژین و کار دەکەن و هەستيان بە هیچ جیاکارییەکی ئایینی و نەتەوەیی نەکردووە.
د.ی