مەتران یوسف تۆما: پاپا دەیەوێت بە گەلانی ناوچەكە بڵێت دەست لە توندوتیژی ھەڵگرن

مەتران یوسف تۆما: پاپا ئێرەی ھەڵبژاردووە تا پەیامێك بداتە گەلانی ناوچەكە
مەتران دکتۆر یوسف تۆما، سەرۆکی ئەساقیفەی کەرکووک و سلێمانی کلدانی
مەتران دکتۆر یوسف تۆما، سەرۆکی ئەساقیفەی کەرکووک و سلێمانی کلدانی

K24 – ھەولێر:

سەرۆکی ئەساقیفەی کەرکووک و سلێمانی کلدانی، ھاتنی پاپا بۆ عێراق و كوردستان بەرووداوێكی ئایینی میێژوویی ناوبرد و رایگەیاند، لە عێراق توندوتیژی و ململانێی زۆر ھەیە، نەخۆشی كۆرۆنا و ناخۆشی ھەیە، بۆیە پاپا ئێرەی ھەڵبژاردووە تا پەیامێك بداتە گەلانی ناوچەكە و بەتایبەتی عێراق بۆ ئەوەی دەست لە توندوتیژی ھەڵبگرن.

مەتران دکتۆر  یوسف تۆما، سەرۆکی ئەساقیفەی کەرکووک و سلێمانی کلدانی گوتی: "هاتنی پاپا لە باروودۆخی کۆرۆنا و ئەو ناخۆشیانەی، کە وڵات و خەڵک پێیدا تێپەڕدەبێت، مانای ئەوەیە پاپا دەیەوێت لەگەڵ ئەم گەلە بژیت و هاوسۆزبێت لەگەڵمان و هاوبەشی بکات لەو دڵەڕاوکێیەی کە تێیکەوتووین".

گوتیشی: پاپا پیاوێکە بەوە ناسراوە لەهەر کوێیەک پێویستی پێ بێت دەچێت، ئێمە لەم کاتەدا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە پیاوی ئاشتییە، چونکە عێراق نوقم بووە لە تووندووتیژی، کە وەکو شێرپەنجە وایە بۆیە پێویستمان بەکەسێکە ئەو شێرپەنجەیە هەڵبگرێت و نەشتەرگەری ئاشتیمان بۆ بکات، ئەو دەتوانێت لە جێبەجێکردنی دیموکراسی یارمەتیمان بدات، کە تائێستا لەعێراق نییە".

روونیشیكردەوە، "كریستیانەكانی عێراق بەگشتی و کەرکووک بەتایبەت ڕووبەڕووی شەپۆلی کۆچکردنی زۆر بوونەتەوە، کە سێبەشی كریستیانەكانی گرتوەتەوە، لەم باروودۆخەشدا بەبێ فەراهەمبوونی ئاشتی و ئارامی کەس نایەوێت بگەڕێتەوە، هەمووکەس وڵاتی خۆی خۆشدەوێت، بەڵام ئەگەر دۆخەکە ئەوها بەردەوام بێت ئەوانی دیکەش کۆچدەکەن. ئەگەر ئێمە ڕووبەڕووی هەڕەشەی کووشتن و دزیکرن بینەوە چۆن ئەوانی دیکە دەتوانن بگەڕێنەوە؟ بۆکوێ بگەڕێنەوە ئەگەر وڵات ڕاستەڕێ نەبێت؟ بۆیە پێموایە پاپا خاڵ لەسەر پیتەکان دەدەنێت.