پارتە ئیسلامییەكانی كوردستان سەردانەكەی پاپا فرانسیس بە گرنگ دەزانن

"پاپا دەیەوێت لەو سەردانەیدا بارودۆخی سیاسی عێراق ھێور بکاتەوە"
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هاتنی پاپا به‌ گرنگ ده‌زانن
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هاتنی پاپا به‌ گرنگ ده‌زانن

K24- هه‌ولێر:

پارت و لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکانی ھەرێمی کوردستان، بە گرنگییەوە لە سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانن، ئەندامێکی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی رایگه‌یاند، پاپا دەیەوێت لەو سەردانەیدا بارودۆخی سیاسی عێراق ھێور بکاتەوە.

سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق و كوردستان بە گەورەترین رووداوی ئایینی ساڵی نوێ دادەندرێت و چەندین پەیامی جیاوازی بۆ گەلی عێراق و ھەرێمی کوردستان تێدایە، بە تایبەت بۆ ئەو كریستیانانەی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەژین. سەردانەکەی پاپای بە بۆچوونی پارت و لایەنە سیاسییە ئیسلامییەکان گرنگی خۆی ھەیە، "فاتیح سەنگاوی"، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پێیوایە ھاتنی پاپا وەك كەسایەتییەكی جیھانی گرنگە بۆ جەختكردنەوە لە پێكەوەژیان و یەكتر قبووڵكردنی پێكھاتە و ئایینیەكان.

بە بۆچوونی "عەتا شێخ لەتیف"، ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە ھەرێمی كوردستان، یەکێک لە ئامانجەکانی پاپا لەم سەردانیدا بۆ عێراق ئەوەیە، کە دەیەوێت دۆخی سیاسی عێراق ھێور بکاتەوە، بە تایبەت ئێستا ئەمه‌ریکا لە عێراق گرفتی بۆ دروست بووە و دۆخی ناوچەكە رۆژ بەڕۆژ ئاڵۆزی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

بە درێژای مێژوو، بەتایبەتریش لەم چەند ساڵەی رابردوودا، کە داعیش زوڵمێكی زۆری بەرامبەر بە كریستیانەكانی عێراق ئەنجام دا، ھەرێمی کوردستان بەردەوام بۆ كریستیان و پێكھاتە و ئایینە جیاوازەكان لانەکەیەکی ئارام بووە، بۆیە سەردانەکەی پاپا بۆ ھەرێمی کوردستانیش پێشبینی دەكرێت بەشێکی پەیامی سوپاسگوزاری ئەوان بێت بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پاراستنی سەر و ماڵی ھاوڵاتیانی كریستیان.

د.ی