عیسمه‌ت میر ته‌حسین به‌گ: هاوشان له‌گه‌ڵ برا موسڵمانه‌كانمان، پێشوازی له پاپا فرانسیس ده‌كه‌ین

K24- هه‌ولێر:
عیسمه‌ت میر ته‌حسین به‌گ، كوڕی میری پێشووی ئێزدییان، میر ته‌حسین به‌گ، به كوردستان24ی راگه‌یاند، بڕیاره وه‌ك پێكهاته‌ی ئێزدییه‌كان به‌شداری له پێشوازییه‌كه‌ی پاپای ڤاتیكان بكات.
عیسمه‌ت میر ته‌حسین به‌گ گوتی: "هاوشان له‌گه‌ڵ برا موسڵمانه‌كانمان، پێشوازی له پاپا فرانسیس ده‌كه‌ین، ئێمه‌ش وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان، گه‌لێك مه‌ینه‌تیمان به‌ده‌ستی تیرۆره‌وه بینیوه و هه‌رێمی كوردستان باوه‌شی بۆ كردووینه‌ته‌وه، پێویست ناكات له‌و باره‌یه‌وه هیچ به پاپا بڵێین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه روون و ئاشكرایه هه‌رێمی كوردستان شوێنی پێكه‌وژیانه".
گوتیشی: "ئێمه وه‌كو ئێزدی دووجار زوڵممان لێكراوه، جارێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوردین، جارێكی دیكه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێزدین".
سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شنگال، عیسمه‌ت میر ته‌حسین به‌گ ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌بێ ئاوه‌دانكردنه‌وه و ئاساییكردنه‌وه‌ی شنگال، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان زه‌حمه‌ته.
د.ی