پاش كەمێكی دیكە پاپا فرانسیس دەگاتە ھەولێر

لەلایەن بەرپرسانی باڵای ھەرێم و كەسایەتییە ئایینییەكان پێشوازی لە پاپای ڤاتیكان لێدەكرێت
قەڵای ھەولێر
قەڵای ھەولێر

K24 – ھەولێر

بڕیارە پاش كەمێكی دیكە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان بگاتە ھەولێری پایتەخت و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ھەرێمی كوردستان و پێكھاتە ئایینییەكان دەبێت.

وەك پێشتر راگەیەندرابوو، ئەمڕۆ یەكشەممە 7/3/2021، پاپا فرانسیس سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات و لە فڕۆكەخانە نێودەوڵەتی ھەولێر لەلایەن بەرپرسانی باڵای ھەرێم و كەسایەتییە ئایینییەكان پێشوازی لێدەكرێت.

بەگوێرەی خشتەی سەردانی پاپا فرانسیس، دوای گەیشتنی بۆ ھەولێر، سەردانی مووسڵ دەكات و لە كەنیسەی مووسڵ نوێژ بۆ قوربانیانی شەڕی داعش دەكات، پاشان دەچێتە قەرەقوش و لە کەنیسەی تاهیرە بەشداری لە رێوڕەسمێكی ئایینی دەكات. پاشان پاپا دەگەڕێتەوە ھەولێر و بە ئامادەبوونی 10 ھەزار كەس كاتژمێر 4ی ئێوارە لە یاریگای نێودەوڵەتی فەرەنسۆ ھەریری بەشداری لە رێوڕەسمێكی ئایینی دەكات.

رۆژی ھەینی 5/3/2021 پاپا فرانسیس لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا گەیشتە عێراق، جگە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، رۆژی شەممە 6/3/2021 پاپا فرانسیس لە نەجەف لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان كۆبووەوە. ھەروەھا لە ماوەی دوو رۆژدا پاپا چەند شوێنێكی ئایینی لە بەغدا و نەجەف و ناسریە بەسەر كردەوە و لە وتەكانیدا جەختی لە ئاشتیی و پێكەوەژیان كردەوە.