له‌گه‌ڵ هاتنی پاپای ڤاتیكان كتێبێك له‌باره‌ی پێکەوەژیانی ئاشتییانە بڵاوكرایه‌وه

K24 - هه‌ولێر:
پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە روانگه‌ی سەرۆک بارزانی، كتێبێكی ئه‌كادیمییه و له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك مامۆستای زانكۆ نووسراوه و ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (7ی ئادار/ مارسی 2021) له‌گه‌ڵ هاتنی پاپا فرانسیس بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه‌وته به‌ردیدی خوێنه‌ران.
ئه‌و كتێبه، كه کۆکردنەوەی مشتێک لە خەروارێکی پەیڤ و تێڕوانینەکانی سه‌رۆك بارزانییه لەبارەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان و به هه‌رسێ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی هه‌وڵیداوه وێنە گەورەکەی نێو هزری سه‌رۆك بارزانی و تێڕوانینه‌كانی بۆ پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی به شێوه‌یه‌كی گشتی و له هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی بخاته‌ڕوو.
له پێشه‌كییه‌كه‌دا هاتووه "دیارترین ئەو تەحەدییانەی کە له جیهان به گشتی و له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست رووبەڕووی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، زاڵبوونی نه‌ته‌وه و ئایینی سه‌رده‌سته به‌سه‌ر كه‌مینه‌كان و رێزنه‌گرتنه له پێكه‌وه‌ژیان و قه‌یرانی لێبورده‌یی. به تایبه‌ت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی و ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی، به شێوه‌یه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌و كێشه ئاڵۆزانه‌ی له ناوچه‌كه هه‌ن و بووه‌ته هۆی ناسه‌قامگیری، رێزنه‌گرتنه له ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز له ئایین و نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب. به‌واتایه‌كی دیكه؛ ئه‌گه‌ر ناوچه‌كه تێكه‌ڵه‌یه‌ك بێت له ململانێی قووڵ و ناسه‌قامگیری به هۆی فریی و پلۆرالیزمی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وا کۆمەڵگه‌ی كوردستان له تێكه‌ڵه‌یه‌كی کۆمەڵایەتی پێکهاتووە، کە چەندین پێکهاتەی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی تێدا ده‌ژین و به‌یه‌كێك له‌و كۆمه‌ڵگانه ده‌ناسرێت، كه وێڕای بوونی جیاوازی له ئایین و نه‌ته‌وه، كه‌چی چه‌ترێكه بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی سه‌رجه‌م ئایین و نه‌ته‌وه و ئاینزاكان".

نووسه‌ران هه‌وڵیان داوه له میانه‌ی ئه‌و كتێبه‌دا رۆڵی سه‌رۆك بارزانی بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه بخه‌نه روو، گۆڕینی چه‌مكی (كه‌مینه) بۆ (پێكهاته) ئاماژه‌یه‌كی جدیین بۆ جه‌ختكردنه‌وه له رێزگرتن له فره‌یی و پلۆرالیزمی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی كوردستان. "ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای هاووڵاتیبوون و یه‌كسانی له ئه‌رك و ماف، ده‌وڵه‌تداری بكات، هۆكاره‌كه‌ی رێزگرتنه له فره‌یی و پلۆرالیزمی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له هه‌رێمی كوردستان، كه بەردەوام پێکەوەژیان بەشێک بووە لە کەلتوری ژیان لە کوردستاندا، ئێستا هاوشێوەى فرە ئایینییەکەى، کوردستان هەرێمێکى فرە نەتەوەشە. لێرە کورد، تورکمان، کلدان، ئاشوورى و ئەرمەن بەیەکەوە دەژین. جگه له‌مه‌ش به هه‌وڵ و كۆششی سه‌رۆك بارزانی له بری چه‌مكی (کەمینە)، ئێستا له داموده‌زگا حكومی و ناحكومییه‌كان، چه‌مكی (پێکهاتە)یان بۆ به‌كاردێت و لەگەڵ ئامادەکردنی یاسای ژمارە یەکی ساڵی (1992) تایبەت بە پێکهێنانی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق، مافی پێکهاتە نەتەوەییەکان لە بەرچاو گیرا و بڕیاردرا بە دیاریکردنی کورسیی پەرلەمانی، تایبەت بە پێکهاتە نەتەوەییەکانى هەرێمی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ببنه پارێزه‌ری مافه‌كانیان".
ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه له چوار به‌ش پێكهاتووه: به‌شی یه‌كه‌می تایبه‌ته به چه‌مكی کەمینە له رووی واتا و سیما نه‌رێنییه‌كان و مامه‌ڵه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌مكه. به‌شی دووه‌می ته‌رخان كراوه بۆ پێکەوەژیان وه‌ك چه‌مك و مێژوو، هه‌روه‌ها له‌و به‌شه نووسه‌ران هه‌وڵیانداوه به‌پشتبه‌ستن به چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك، پێكه‌وه‌ژیان له كوردستان بناسێنن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش روانگه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ پێكه‌وه‌ژیان بخه‌نه روو، كه به‌هۆی جه‌ختكردنه‌وه‌یان له رێزگرتن له پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه، ئێستا له هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه و ئایین و ئاینزاكان به ئازادی ده‌ژین و موماره‌سه‌ی هزری خۆیان ده‌كه‌ن.
به‌شی سێیه‌می كتێبه‌كه تایبه‌ته به ئایینەکانی کوردستان له رووی ناساندن و دابه‌شكاری، له‌گه‌ڵ کورتەیەکی مێژووی ئایینەکان لە کوردستان و دۆخی ئێستای پێکەوەژیانی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان. هه‌ر له‌وه به‌شه‌دا له رێگه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانه‌وه تیشك خراوه‌ته سه‌ر ناوچه‌ی بارزان و پێکەوەژیانی ئایینی و رۆڵی سەرۆک بارزانی لە پێکەوەژیانی ئایینەکانی هەرێمی کوردستان و نموونه‌ی هه‌ردوو پێكهاته‌ی كریستان و ئێزدی وه‌رگیراوه.
به‌شی چواره‌م و كۆتایی كتێبه‌كه ته‌رخانكراوه بۆ ناساندنی نەتەوەکانی کوردستان و كورته‌یه‌كی مێژووی نەتەوەکان لە کوردستان و دۆخی ئێستای پێکەوەژیانی نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان خراوه‌نه‌ته روو. به هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی جۆراوجۆر باس له ناوچه‌ی بارزان كراوه بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەکان و دواتریش رۆڵی سەرۆک بارزانی لە پێکەوەژیانی نەتەوەکانی هەرێمی کوردستان خراونه‌ته روو، له‌گه‌ڵ خستنه رووی رۆڵی سەرۆک بارزانى و مافى پێکهاتەکان لە دەستوورى عێراق و هەرێمى کوردستاندا.
له كۆتایشدا دەقی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان_عێراق، وه‌ك پاشكۆ دانراوه، له‌گه‌ڵ دانانی چه‌ند وێنه‌یه‌كی مێژووی سه‌رۆك بارزانی، كه ئاماژه‌ی روون و به‌ڵگه‌ن بۆ به‌رگریكردن له رێزگرتن له پێكهاته‌كانی كوردستان، به شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر رێزگرتن له فره ئایینی و فره نه‌ته‌وه‌یی، كولتوری كوردستانیان بێت، ئه‌وا به‌رده‌وامیدان و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و كولتوره لای سه‌رۆك بارزانی راستییه‌كی حه‌تمییه، به شێوه‌یه‌ك سه‌رۆك بارزانی یەکێکە لەو کەسانەی، کە له هەموو تەمەنی خۆی بە بەرپرسیار لە بەرامبەر ئه‌ركی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه بینیوەتەوە و بە گوفتار و کردار و بیرکردنەوەکانی هەردەم لە خەمی ئەم بابەتەدا بووە. ته‌نانه‌ت جارێكیان وەزیرى دەرەوەى ڤاتیکان به بارزانی ده‌ڵێت: "ئێمە زانیاریى زۆرمان لەسەر رەوشى کریستیانەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان هەیە. ئێمە دەزانین ئەگەر شوێنێک هەبێت بۆ کریستیانەکان، کە بتوانن تێیدا بە ئازادى بژین، هەرێمى کوردستانە.. هیوادارین لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و وڵاتانى دیکەش وەکو هەرێمى کوردستان مامەڵە لەگەڵ کریستیانەکاندا بکەن".
د.ی