لەگەڵ ھاتنی پاپا بۆ هه‌ولێر کریستیانەکانی شەقڵاوە نزا بۆ ئارامی و ئاسایشى كوردستان دەكەن

"پاپا ببینم پێی دەڵێم شەقلاوە نموونەی جوانی و پێكەوەژیانی نێوان پێكھاتە و ئایینەكانە"
کریستیانەکانی شەقڵاوە نزا بۆ ئارامی و ئاسایشى كوردستان كوردستان دەكەن
کریستیانەکانی شەقڵاوە نزا بۆ ئارامی و ئاسایشى كوردستان كوردستان دەكەن

K24 – ھەولێر:

دوو خاتوونی بە تەمەن لە كریستیانانی دانیشتوی شارۆچكەی شەقلاوە لە كەنیسەی خۆیان نزا بۆ سەلامەتی پاپا دەكەن، كە سەردانی عیراق و كوردستانی کردووە، ئەوان دەڵێن: "كوردستان ئارامە؛ بەلام مەترسی زۆرە لە شارەكانی عێراق". خۆزگەش دەخوازن لە نزیكەوە پاپا ببینن، بەڵام تەمەنەكەیان رێگەیان نادات بەشدار بن لە ناو یاریگاكەی ھەولێر و دەڵێن: "خۆزگە پاپا دەھاتە شەقلاوە".

دایە وارینا و دایە شەمام دەستە خوشكێكی كریستیانی شەقلاوەن، وەك ھەمیشە چوونەتە  كەنیسە و بۆ ئەنجامدانی تاعەت و نزاكردن. ئەوان ھەردووكیان لە منداڵییەوە پێكەوە ھاوڕێن و تەمنیان 84 ساڵە. لە راگەیاندنەكان و لە خەڵك گوێبیستی ھاتنی پاپا بۆ كوردستان بوونە.

وارینا تۆمە رەسام، ھاووڵاتی كریستیان گوتی: "لە بەر تەمەنەكەم ناتوانم برۆمە ناو یاریگا و لە نزیكەوە پاپا ببینم.

شەمام ساكا، وەك خاتونێكی كریستیان دەستی بەرزكردەوە و نزای بۆ ئارامی و ئاسایشى كوردستان كرد، دڵخۆشە بەوەی پاپا گەیشتووەتە ھەولێر و گوتی: خۆزگە من دەچوومە لای ئەو یان ئەو دەھاتە شەقلاوە.

سەبی مەتی، گەنجێكی كریستیانی شەقلاوەیە و ناوی تۆماركردوە بۆ چوونە نێو یاریگای فرەنسۆ ھەریری و گوتی: "من پاپا ببینم دوو داخوازی لێیدەكەم و پێی دەڵێم شەقلاوە نموونەی جوانی و پێكەوە ژیانی نێوان پێكھاتە و ئایینەكانە".

پاپا ھەگبەكەی دەستی ئاشتیە بۆ ناوچەكە، پەیامی ھێناوە بۆ كریستیانەكانی ناوچەكە و دەخوازێت ئەم تەباییە زیاتر بێت و كریستیانەكانیش دەخوازن پێی بڵێن: "بە خێر بێیت و بە ساخی و سەلامەتی بگەرێیتەوە ڤاتیكان".