ئومێد خۆشناو: ھاتنی پاپا بۆ ھەولێر بۆ پایتەخت و وەك ھەرێمی كوردستان رووداوێكی مێژووییە

دڵنیایی بەخەڵكی شارەكەمان دەدەین ھیچ پلانێك لەو پلانانەی لەبەر دەستمانه‌ كەرەنتینەی 100% نییه‌
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر

K24 – ھەولێر:

ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، ئەو پلانانەی دانراون بۆ پێشوازیكردن لە پاپا لە ھەرێمی كوردستان و بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی قداسەكە لە یاریگای فرەنسۆ حەریری لە ھەولێر زۆر بەڕێكی بەڕێوەچوونە و سوپاسی دەزگاكانی ئاسایشی ھەرێم دەكەم بۆ ئەنجامدانی رێكارە ئەمنییەكان بەشێوەیەكی رێكوپێك، ھەرچەند رێورەسمەكە لە دۆخێكی ناھەموارە بە ھۆی رێكارەكانی خۆ پارێزی، بەڵام تا رادەیەكی باش ره‌چاوی رێكارەكانی خۆپارێزی كراوە و زۆربەی ئەوانەی دێنە یاریگاكە پشكنینان بۆ كراوە و ھەموو پیداویستیەكانی خۆ پارێزی بۆیان ئامادەكراون. بۆیە ئەوانەی دەچنە نێو یاریگاوە بە رێوشێونی تەندروستی و ئاسایشیدا دەرباز دەبن.

گوتیشی: رووداوێكی وا گەورە، كە كەسایەتییەكی وا گەورەی جیھانی، كە نوێنەرایەتی روحی جیھانی مەسیحی دەكات و دێتە ھەولێر، بەدڵنیاییەوە بۆ ئێمە ھەم وەك پایتەخت و ھەم وەك ھەرێمی كوردستان رووداوێكی مێژووییە.

لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئایا دوای چوونەوەی پاپا كەرەنتینە رادەگەیەنرێت؟ لە وەڵامدا ئومێد خۆشناو گوتی: پێشوەختە ئێمە دڵنیایی بەخەڵكی شارەكەمان دەدەین كە ھێچ پلانێك لەو پلانانەی لەبەر دەستمانه‌ كەرەنتینەی 100% نییە، بەڵكو رێوشوێنەكان توندتر دەبن، بەڵام لە حكومەتدا ئێمە ھەڕمەكی ھەڵسەنگاندنی بڕیار نادەین، بەڵكو بەخوێندنەوەیەكی زانستیانە و واقعیانەی دروستی ناوچەكەمانە و پشت بە خوێندنەوەی دروست و واقعیانەی دەزگاكانی تەندروستی و ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستییە لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیھانی. بۆیە ئەمە راست نییە و دانەخستنی قوتابخانەكانیش گەواھیدەری ئەو راستییەن، چونكە رێوشوێنەكانی گیرابوونەبەر باش بوون و راپۆرتەكان ئاماژەیان بە دروستی گرتەنبەری رێوشوێنەكانی خۆپارێزی كردبوو، بۆیە پرۆسەی خوێند بەردەوامی پێدرا.