سەردانی پاپا فرانسیس

Kurd24

ئاریشە قوڵەکانی بەردەم شارستانیەت و مرۆڤایەتی فاکتەرگەلێکی لەپشتەوەیە، لێ هیچ کامیان بەقەد دەمارگیری ئایینی و نەتەوەیی زیان و مەترسیان بۆ سەر مرۆڤایەتی دروست نەکردووە.

ململانێی دژوار و ناتەندروست و نالۆژیکی نێوان بەشێکی زۆری وڵات و نەتەوە و ئایدیا و گروپ و لایەنەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەمارگیری و ئەنانیەت و قبوڵنەکردنی یەکتر و غیابی دیالۆگ و تێگەیشتنی دروست بۆ دەقەکان، لەو چوارچێوەوە هەستی خۆسەپێنی و گرژی و تەنانەت سڕینەوەی بەرامبەر بەرهەم دێ و تەفسیری عاتیفی و میزاجی دەبێتە جێگرەوە و سەپاندنی هێز بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگە، هەر لێرەوەیە سەدان بۆچوون و هەزاران ئاراستە و هەڵوێست سەرهەڵدەدات و دواجار پرۆسەی سەقامگیری و پێکەوەژیان دەکەوێتە مەترسی و، تەشەنووج و ترازان و تیرۆر و خاپوورکردن و داگیرکاری دەبێتە کەرەستە و کاری گروپە توندئاژۆکان لەرووی ئایینی و نەتەوەییەوە.

تاکە بەدیل بۆ راگرتنی هاوسەنگی و ئارامی نێودەوڵەتی و بوژانەوەی ژیان و مرۆڤایەتی و پێشوەچوونی شارستانیەت تەنها و تەنها ئاشتیە! وەک گوتراوە'' لا سلام فى العالم من دون السلام بین الشعوب والائديان''..

بۆیە هەر هەنگاوێک بۆ چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لە پێناو پاراستنی کەڕامەتی ئینسان و سەقامگیری کۆمەڵگە، ئەرکێکی گەورە و لەپێشینەی مرۆڤە بەجیاوازی ئایین و نەتەوە و رەگەز و دەنگ و رەنگەوە.

ساڵی 2019 دوای سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ میسڕ و مەغریب و ئیمارات و چەند وڵاتێکی عەرەبی، لە سەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی پەیمانی (برایەتی ئینسانی) لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات لە نێوان ئەزهەر و ڤاتیکان و بە ئیمزای شێخی ئەزهەر و پاپا لە پێناو ئاشتی جیهانی و پێکەوەژیان ئەنجام درا.

پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان کە هاتە عێراق و کوردستان، حەتمەن خوێندنەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێ و هۆکاری هەمەلایەنەی هەیە، بەپێی شرۆڤە و راگەیاندنەکان ئامانجی ئەو زیاتر بۆ پەسنی پێکەوەژیان و گەشەو گەیاندنی پەیامی ئاشتی بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئیدی هەر هەوڵ و هەنگاوێک لەچوارچێوەی چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی بۆ خزمەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەگشتی و عێراق و کوردستان بەتایبەتی گرنگ و جێی بایەخە و رێزگرتن لەو هەوڵانە هێمای تێگەیشتنە.

مەلا عبدالله شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان