داوا دەكرێت مافی كورد لە داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بپارێزرێت

"کورد هێمای هێمنی و ئارامی ناوچەکەیە"

K24 - ھەولێر

چوار رێکخراوی لاوان لە چوار پارچەی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوا لە کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن دووبارە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕژێ و مافی 50 ملیۆن کوردیش بپارێزرێت.

هەر یەکە لە یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە باشووری کوردستان، تەڤگەرا جوانێن کوردستانی باکوور، گرووپی کاری لاوان و قوتابیانی پارتی ئازادی کوردستان رۆژهەڵات، خوەندەڤان و جوانێن کوردستانی رۆژئاوا، بەیاننامەیەكیان بڵاوكردوە تێیدا ھاتووە: "داوا لە کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دووبارە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشنەوە و سنوورە دەستکردەکانی نێوانیان هەڵگرن، هەروەها کاتی ئەوە هاتووە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی و خوێنڕشتن ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف".

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە: "داوا لە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان بە گشتی و هەر یەکە لە فەرەنسا و بەریتانیا بە تایبەتی دەکەین وەکو ئەرکێکی ئینسانی و ئەخلاقی بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن کار بۆ سڕینەوەی ئەو سنوورە دەستکرد و ناسروشتیە کە  لە رابردوودا لە بەرژوەندی نەتەوە باڵادەستەکان کێشاویانە و رێز لە ئیرادەی  گەلەکەمان بگرن، گەر لە رابردوودا وێنەی کوردیان بە شەرانگێز و ئاژاوەی ناوچەکەیان وێنا دەکرد، ئێستا باش دەزانن کورد هێمای هێمنی و ئارامی ناوچەکە و زامنی پاراستنی مافی کەمینە نەتەوە و ئایین و ئاینزا جیاوازەکانی ناوچەکەیە".

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ سەد ساڵ بەسەر رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ تێدەپەڕێت، ئەو رێككەوتننامەیە كە بووەتە ھۆكاری دابەشكردن و دانانی سنوور لە نێوان بەشەكانی كوردستان.