دووەمین پێشانگای بازرگانی ئۆنلاین لەنێوان هەولێر و ژینهوای چین بەڕێوەدەچێت

نزیكەی 60 كۆمپانیای ھەرێمی كوردستان و 84 كۆمپانیای چینی بەشدارن
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆكی ھاوردە و ھەناردەكارانی ھەرێمی كوردستان
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆكی ھاوردە و ھەناردەكارانی ھەرێمی كوردستان

ئەمڕۆ پێشانگایەکی بازرگانی ئۆنڵاین لە نێوان پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگای ژینهوا لە هەرێمی ژێژیانگی چین بەڕێوەدەچێت.

لقی هەولێری یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی کەی ئەی سی ئێکسپۆی چینی و هەماهەنگی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر، دووەم پێشانگای بازرگانی ئۆنلاین لەنێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای ژینهوای چینی ئەنجامدەدات.

ئەژین قادر، نێردراوی كوردستان24 لە پێشانگاكە رایگەیاند: "نزیكەی 60 كۆمپانیای ھەرێمی كوردستان و 84 كۆمپانیای چینی بەشداری لە پێشانگاكە دەكەن، ئامانج لە پێشانگاكە پتەوكردنی بازرگانی نێوان ھەرێمی كوردستان و وڵاتی چینە، كە گرنگی خۆی دەبێت بۆ ئابووری ھەرێمی كوردستان".

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆكی ھاوردە و ھەناردەكارانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "تەوەری سەرەكی پێشانگاكە قسەكردنە بۆ نەھێشتنی ئەو بەربەستانەی بەھۆی كۆرۆناوە لەنێوان ھەرێمی كوردستان و وڵاتان دروستبووە، ھەروەھا بتوانین پەرە بە پەیوەندییەكانمان بدەین بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتی چین، كە لە زۆربەی كاتدا ھاوكارمان بووە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی".

گوتیشی: "بەرپرس و بازرگانانی چین بەردەوام جەخت لەوە دەكەنەوە دەیانەوێت لە رێگەی ھەرێمی كوردستانەوە بازرگانیی و وەبەرھێنان لەگەڵ عێراق بكەن، واتا ئەوان ھەرێمی كوردستان بە خاڵێكی گرنگ دەزانن، ئێمەش ھانمان داون بۆ وەبەرھێنان و بازرگانی زیاتر لە ھەرێمی كوردستان، ھاوكات جەختمان لەوە كردووەتەوە كە ئێمە دەبینە پردی پەیوەندی لەنێوان چین و عێراق".

سەرۆكی ھاوردە و ھەناردەكارانی ھەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا: "بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا دابڕانێك لەنێوان بازرگان و وڵاتان دروستبووە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی ئەم پێشناگایەوە، پەیوەندییەكان دروستبكەینەوە".

دیمەنێكی كۆنفرانسی رۆژنامەوانی بەشداربووانی پێشانگاكە - فۆتۆ: ئەژین قادر
دیمەنێكی كۆنفرانسی رۆژنامەوانی بەشداربووانی پێشانگاكە - فۆتۆ: ئەژین قادر