پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی بە یاسا رێکدەخرێت

لە دوو وەزارەت یاساكە جێبەجێ دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ھەرێمی کوردستان پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی بە یاسا رێکدەخات، بۆ ئەم مەبەستەش  پەرلەمان خوێندنەوەی  دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی کرد.

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژە بەوەدەكات، لەگەڵ  حكومەتی عێراق لە بارەی رێکخستنی بەرھەمی ناوخۆ و پیشەسازی چەند رێککەوتنێکیان کردووە، بەم نزیکانە میکانیزم بۆ جێبەجێکردنی  دەردەکەن.

رۆژی دووشەممە 8/3/2021، پەرلەمان گفتوگۆ لەبارەی پێشنیازی یاسای پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ كرد، بەمەش ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لە رێگەی یاساوە بەرھەمی ناوخۆ بپارێزێت. پڕۆژەکە لە 26 ماددە پێکھاتووە، ئامانج لەم پڕۆژەیاسایە ئەوەیە بەرھەمی ناوخۆ کێبڕکێی بەرھەمی دەرەکی بکات و  بتواندرێت  کەرتی پیشەسازیش فراوان بکات،  ھەردوو وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ  ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.

خەدیجە عومەر مزوری، پەرلەمانتاری كوردستان لەبارەی پڕۆژەیاساكە بە كوردستان24ی گوت: "بەم یاسایە دەتوانرێت بەرھەمی ناوخۆی كێبڕكێی بەرھەمی دەرەكی بكات، بۆیە گرنگی زۆری دەبێت، بۆ ئەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی بەرھەمی دەرەكی لەسەر بەرھەمی خۆماڵی كەمبێتەوە".

ھەولێر و بەغدا لەبارەی پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی بەرھەمی ناوخۆ رێککەوتون ئەم رێککەوتنانە لە بارەی تۆماری کۆمپانیاکان و چارەسەری کێشەی ساغکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆیە، بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا لە ھەرێمی کوردستان رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دەربکرێ.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەم ماوەیەدا سەردانی وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی و كانزاكانی عێراقمان كرد، كە مامەڵەكردنمان لەگەڵ ئەو وەزارەتانە جیاوازە، گفتوگۆمان لەسەر چەند تەوەرێك كردووە، لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی عێراق لێكتێگەیشتنێكمان واژۆ كردووە، بەمنزیكانە رێوشوێن بۆ جێبەجێكردنی دەردەكەین".

بەگوێرەی ئەم پێشنیازە یاسایە، لە ھەردوو وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی  بەرھەمە ناوخۆییەکان دادەمەزرێت، ئامانجی لەم پێشنیازە یاسایە بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و بەرھەمی خۆماڵییە، بۆ ئەوەی کێبڕکێ کاڵا ھاوردەکان بکات.