ھەورامانی تەخت لە یونسكۆ تۆمار دەكرێت

بە تۆماركردنی ھەورامان پارێزگاكانی سنە و كرماشان دەبنە شاری كۆنی جیھانی
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئامادەكارییەكان بۆ تۆماركردنی ناوچەی ھەورامانی تەخت لە سنە و كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستان تەواو بوونە، بەڕێوەبەری ناوەندی گەشتیاری و كەلەپووری سنە رایگەیاند، نوێنەرانی یونسكۆ ھەموو وردەكارییەكانی ناوچەكەیان بینیوەو بڕیارە پێش ھاتنی نەورۆز ھەورامان بە فەرمی لە یۆنسكۆ تۆمار بكرێت، ئەوەش ھاووڵاتییانی ئەو ناوچەیەی دڵخۆش كردووە.

ھەورامانی تەخت، ناوچەیەكی كۆن و دڵرفێنە لە دیوی رۆژھەڵاتی كوردستان، توانیویەتی سەرنجی توێژەرو نوێنەرانی رێكخراوی یونسكۆ رابكێشێت، بەرپرسانی پارێزگای سنە دەڵێن، چاوەرێی ئەوە دەكەن كە پێش ھاتنی نەورۆز ئەو ناوچەیە بەفەرمی لەلایەن یونسكۆوە تۆمار بكرێت.

یەعقووب گویلیان، بەڕێوەبەری ناوەندی گەشتیاری و كەلەپووری سنە بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەورامان لە دوو پارێزگای سنە و كرماشاندایە، لە سنە 24 شوێنەواری مێژوویی تۆماركراون كە لە رووی كۆنی و كاری دەستی گرنگیان پێدراوە. نوێنەرانی یۆنسكۆ ھەمووی ئەو ناوچانەیان بینیوە و بە خۆشحاڵییەوە سەرنجی نوێنەرانی یۆنسكۆی راكێشاوەی.

ناوچەی ھەورامان لە كۆمەڵێك شوێنەوار و گوندی كۆن و سەرنجراكێش پێكھاتووە، كە ھەندێك لە گوندەكان زیاتر لە 100 ساڵە ھیچ دەستكاریان نەكراون و، ژیانیش تێیاندا بەردەوامە. ھەروەھا تاكوو ئێستاش لە ناوچەی ھەورامان خواردنی كۆنی ناوچەكە برەویان ھەر ماوەو كاری دەستی ناوازەش لەو ناوچەیە دروستدەكرێت، كە لە بازاڕی شارەكان خواستی زۆریان لەسەرە، ھەر ئەوەش وایكردووە كە یونسكۆ لەسەر تۆماركردنی فەرمی ھەورامانی پارێزگای سنە پێداگر بێت.

ئەگەر ھەورامان بە فەرمی تۆمار بكرێت، پارێزگاكانی سنە و كرماشان وەكوو پارێزگای كۆنی جیھانی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، چونكە ناوچەی ھەورامان شارەكانی پاوە، جوانڕۆ، روانسەرو سەلاسی باوەجانی كرماشان و مەریوان و سەروئاوا و كامیارانی پارێزگای سنە لەخۆی دەگرێت. ئەوەش ھەم بۆ كەرتی گەشتیاری و نیشاندانی كۆنی كوردستان بە جیھان گرنگە.