دهۆک دەبێتە دەستەخوشکی شاری گاینسڤایڵ لە ویلایەتی فلۆریدا

پەیوەندی نێوانیان بەهێزتر دەکەن
دهۆک و گاینسڤایڵ دەبنەوە دەستەخوشک
دهۆک و گاینسڤایڵ دەبنەوە دەستەخوشک

کوردستان 24 – دهۆک

لە مەراسیمێکدا، کە بە شێوەی ئۆنڵاین دوێنێ دووشەممە بەڕێوەچوو، هەردوو شاری دهۆک و گاینسڤایڵ لە ئەمەریکا بە دەستەخوشک ناسێنران.

بە ئامادەبوونی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و لۆرین پۆ، سەرۆکی شارەوانی گاینسڤاڵ مەراسیمەکە بەڕێوەچوو، گرێبەستی دەستەخوشکیی لە نێوان هەردوو شار واژۆ کرا.

د. عەلی تەتەر سەبارەت ئەم گرێبەستە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دەستەخوشکی دهۆک لەگەڵ گاینسڤایڵ بۆ ئەوەیە کە هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارەکانی ئابووری، گەشتیاری، ئەکادیمی، کەلتووری، کشتوکاڵی، پیشەسازی و چەندین بواری تر لە نێوان هەردوولا بەهێزتر بن".

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەشدا: "زانکۆی فلۆریدا زانکۆیەکی بەناوبانگی ئەمەریکایە و ئێمە خۆشحاڵ دەبین کە زانکۆکانی دهۆک بتوانن هەماهەنگی زانستی لەگەڵ ئەو زانکۆیە دروست بکەن و بەمجۆرە دەکرێت سوودی زیاتر لە گرێبەستەکە ببینین" .

شاری گاینسڤایڵ Gainesville دەکەوێتە کەرتی ئیلاچێوا Alachua لە ویلایەتی فلۆریدا. هەروەها، زانکۆی فلۆریدا خاوەن پێنجەمین گەورەترین حەرەمی زانکۆیە لە ئەمەریکا.

H.J