نەوزاد شێخ کامیل: لە ساڵێكدا زیاتر لە 8 ھەزار مۆڵەتی بازرگانی دراوە

ئەمساڵ جوڵەی بازرگانی رووی زیاترە
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە ماوەی ساڵێكدا، 8 ھەزار و 756 مۆڵەتی بازرگانی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی دراوە بە كۆمپانیاكان.

نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بە كوردستان24ی رایگەیاند، ھەرچەندە كۆرۆنا كاریگەری زۆری لەسەر جمووجۆڵی  بازرگانییدا ھەبووە، بەڵام لە كۆتاییەكانی ساڵی 2020 و لەگەڵ دەستپێكردنی جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازە نێودەوڵەتییەكان، توانراوە 8 ھەزار و 756 مۆڵەتی بازرگانی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی بدرێتە كۆمپانیا جیاجیاكان بوو لە پێشی ھەموویانەوە كۆمپانیاكانی دەرمان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمساڵیش بە دەستپێكێكی باش بۆ جووڵەی بازرگانی ھەژماردەكرێت، لە مانگی یەكەمی ئەمساڵەوە 725 مامەڵەی مۆڵەتی بازرگانی ئیشیان لەسەر كراوە، ھەروەھا مانگی دووەم زیاتر لە 600 مامەڵە ھەبوو، زۆربەی مامەڵەكانیش ھی كۆمپانیای دەرمانە، لە دوای ئەویش بیناسازی و خۆراك و ئاژەڵ".