فراكسیۆنە كوردییەكان گەڕانەوەیان بۆ بەغدا تاوتوێ دەكەن

"بارزانی بڕیاری نەداوە بگەڕێنەوە بەغدا"

K24 - ھەولێر

بڕیارە لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ بەغدا فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كۆببنەوە، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ھەواڵی ھەندێك لە میدیا عێراقییەكان رەتدەكاتەوە كە بڵاویان كردوەتەوە بارزانی، بڕیاریداوە فراكسیۆنە كوردییەكان بگەڕێنەوە بەغدا.

لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) خەسرەو گۆران سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بۆ گفتوگۆ كردن لەبارەی كێشەكانی بەغدا و گەڕانەوەمان بۆ بەغدا، بڕیارە ئەمڕۆ فراكسیۆنە كوردییەكان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو لە سلێمانی كۆببینەوە".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، ھەواڵی چەند كەناڵێكی عێراقی رەتكردەوە كە بڵاویان كردوەتەوە مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە فراكسیۆنە كوردییەكان بگەڕێنەوە بەغدا خەسرەو گۆران گوتی: " ئەگەر سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بڕیاربدات بۆ گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی كورد بۆ بەغدا ئەوا بڕیارەكە رادەگەیەندرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لە چەند كەناڵێك گوتراوە راست نییە".

لە 30ی نیسانی 2016 خۆپێشاندەران ھەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و ئیھانە و سوكایەتیان بە ھەندێك پەرلەمانتار كرد كە ژمارەیەكیان كورد بوون لەو رۆژەوە بارودۆخی سیاسی لە نێوان پێكھاتەكانی عێراق ئاڵۆزتر بوو، دواتر فراكسیۆنە كوردییەكان گەڕانەوە ھەرێمی كوردستان.