دارایی پەرلەمان: حکوومەت مانگانە 4 بۆ 5 ترلیۆن دینار بە مووچە دەدات

"قەیرانی دارایی لە عێراق زۆر قوڵە"

K24-هەولێر

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند قەیرانی دارایی لە عێراق زۆر قوڵە و حکوومەت مانگانە 4 بۆ 5 ترلیۆن دینار بە مووچەی فەرمانبەران دەدات.

بەپێی ناوەندەکانی راگەیاندن لە عێراق سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق حەسەن ساری لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان کە لە بەغدا بەبێ بەشداریی کورد گرێدرا، راشیگەیاند: "حکوومەت مانگانە 4 بۆ 5 ترلیۆن دینار بە مووچەی فەرمانبەران دەدات و دۆخی دارایی وڵات زۆر قوڵە و مەترسییەکەی لە مەترسی دۆخی ئەمنی کەمتر نییە".

حەسەن ساری کە باسی بودجەی ئەمساڵی عێراقی کرد گوتیشی: "سەندووقی نەختی نێودەوڵەتی مەرجی داناوە کە دەبێ چاوخشانەوەیەکی گشتیی ئەنجامبدرێ و خەرجییەکانی نێو بودجە کەمبکرێنەوە بۆ ئەوەی لە رووی داراییەوە هاوکاریی عێراق بکات".

ئەمە لە کاتێکدایە راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق موزهر محەمەد ساڵح پێشتر رایگەیاند: "عێراق هەوڵی بەدەستهێنانی قورز دەکات لە سەندووقی نەختی نێودەوڵەتی بەبڕی 16 ملیار دۆلار و چاوەڕوان دەکرێت سەندووقەکە لە سێ ساڵدا ئەو قەرزە بە عێراق بدات".

هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە رێکەوتی 14/5/2016 رایگەیاند: "داهاتەکان کەمبوونەتەوە و گەیشتوونەتە نیوەی ئەوەی کە پێویستمانە بۆ خەرجییەکان و مووچەی فەرمانبەران".

بەپێی حکوومەتی عێراق بانکی ناوەندیی عێراق لە ساڵی 2014 یەدەکی فیدڕاڵیی عێراق نزیکەی 80 ملیار دۆلار بوو، بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە جیهان و تێچووی شەڕی داعش لە عێراق، ئەو یەدەکە کەمبووەتەوە و بەپێی سەندووقی نەختی نێودەوڵەتی ئێستا یەدەکی عێراق کەمتر لە 60 ملیار دۆلار، چونکە حکوومەتی عێراق لەو یەدەکە خەرج دەکات بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی و مووچە، وەک لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن.

ئا: ئا ، ف