بانگه‌وازه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی كاردانه‌وه‌ی جیاواز به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت

په‌رله‌مانتارێكی پێشووی عێراق: ئێستا ھەلومەرجەكە گۆڕاوە و حزبی سیاسی نوێ پەیدا بووە، كە بڕوایان بە رێككەوتنەكانی پێشوو نییە
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی

K24- هه‌ولێر:

په‌رله‌مانتارانی پێشووی عێراق لێكدانه‌وه‌ی جیاواز بۆ بانگەوازەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی نیشتیمانی ده‌كه‌ن و ئاماژە بەوەدەكەن، لە ساڵانی رابردووشدا گفتوگۆ و رێككەوتنی نیشتمانییانە ئەنجامدراون، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه‌ جیاوازه‌ و ئاراسته‌كانیش گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌رده‌لان نوره‌دین، په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: ئێستا ھەلومەرجەكە گۆڕاوە و حزبی سیاسی نوێ پەیدا بووە، كە بڕوایان بە رێككەوتنەكانی پێشوو نییە و دەیانەوێت لەرێگه‌ی فشاركردن لەسەر ھەرێمی كوردستان، سۆز و سه‌رنجی شەقامی عێراقی بۆخۆیان رابكێشن.

هاوكات ره‌سول نه‌وزاد، په‌رله‌مانتاری پێشووی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، لەنێوان ھەولێر و بەغدا، چەندین پرس ھەن، كە پێویستان بە چارەسەرێكی یەكلاكەرەوە ھەیە، لەسەرووی ھەموویانەوە بە سیاسیكردنی مووچە و بودجەی ھەرێمی كوردستان لەلایەن لایەنە سیاسییەكانی عێراقەوە، دواتر ماددەی 140 و پرسی پێشمەرگە و كێشە كەڵەكەبووەكانی دیكە.

راسته‌وخۆ دوای په‌یامه‌كه‌، مه‌سرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە بانگەوازەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد، بۆ رێككەوتن و چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانیش، ئامادەیی تەواوی حكومەتی ھەرێمی كوردستانی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور دەربڕی.

H.B

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بانگەوازەکەی مستەفا کازمی دەکات و ئامادەیی خۆشى دەردەبڕیت بۆ رێککه‌وتن و چارەسەری بنەڕەتی و یه‌کجاری هەموو کێشەکانی نێوان حکومە‌تی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان به‌ پێی بنەماکانی ده‌ستوور.

له‌وباره‌شه‌وه‌ به‌ڕای پەرلەمانتارێکى كوردستان باشترین رێگە بۆ چارەسەری بنەرەتی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا دەستورە، مامۆستایەکی زانکۆش نايشارێته‌وه‌، كه‌ پرەنسیپی ئەو رێگە تازەیە لە دەستوور دیاری کراوه کە یەکسانی و ھاوبەشیە له به‌ڕێوه‌بردن.