به پاره‌ی جگه‌ره ئۆتۆمبێلێكی بۆ كچه‌كه‌ی كڕی

K24 - هه‌ولێر:
هاووڵاتییه‌كی هه‌رێمی "دوزجه"ی توركیا، ئۆتۆمبێلێكی بۆ كچه‌كه‌ی كڕی، دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی (14) وازی له جگه‌ره‌كێشان هێناوه و پاره‌كه‌ی كۆكرده‌وه و خه‌ونی كچه‌كه‌ی به‌دیهێنا.
تاجۆ ئاجار، (53) ساڵ، كه له رابردوودا جگه‌ره‌یه‌كی زۆری ده‌كێشا، به‌ر له (14) ساڵ بڕیاری دا واز له جگه‌ره‌كێشان بهێنێت، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستی كچه‌كه‌ی "سه‌نا" به جگه‌ره سووتا، كه ئه‌و كات ته‌مه‌نی كچه‌كه‌ی (9) ساڵ بوو.
له‌و رۆژه‌وه ئاجار وازی له‌جگه‌ره‌كێشان هێنا و پاره‌كه‌ی كۆده‌كرده‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی خێزانه‌كه‌ی ئاگادار بن، هه‌ژمارێكی بانكیشی بۆ كچه‌كه‌ی كرده‌وه و پاره‌كه‌ی ده‌خسته سه‌ر ئه‌و هه‌ژماره‌یه.
ئاجار له لێدوانێكی بۆ "ئه‌نادۆڵ"ی توركی گوتی: "به‌هۆی جگهرهكێشانم له رابردوودا، زیانی زۆرم به ده‌وروبه‌ر و خێزان و خۆیشم گه‌یاندووه".
ئاماژه‌ی به‌وه كرد، به‌ر له (14) ساڵ بڕیارم دا چیدیكه جگه‌ره نه‌كێشم، دوای ئه‌وه‌ی به هه‌ڵه ده‌ستی كچه‌كه‌م به جگه‌ره سووتا، له‌و رۆژه‌وه ده‌ستبه‌رداری جگه‌ره بووم.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، یه‌كه‌م ئۆتۆمبێل كه بۆ كچه‌كه‌م كڕی، دوای (10) ساڵ وازهێنانم بوو له جگه‌ره‌كێشان، كاتێك كچه‌كه‌م مۆڵه‌تی شوفێری به‌ده‌ست هێنا.
ئاجار له كۆكردنه‌وه‌ی پاره به‌رده‌وام بووه و ئۆتۆمبێله كۆنه‌كه‌ی فرۆشتووه، دوای ئه‌وه‌ی كچه‌كه‌ی بڕوانامه‌ی له زانكۆ به‌ده‌ستهێنا و بووه‌ته مامۆستا، ئۆتۆمبێلێكی نوێی بۆ كچه‌ی كڕی، كه خه‌ونی له‌مێژینه‌ی بووه.
ئاجار ئاشكرای كرد، كچه‌كه‌ی له كاتی وانه وتنه‌وه‌دا، قوتابییه‌كانی له زیانه‌كانی جگه‌ره ئاگادار ده‌كاته‌وه و چیرۆكی خۆی و باوكی وه‌ك نموونه‌یه‌ك ده‌گێڕێته‌وه.
سه‌نا-ی (23) ساڵ، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕیوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بووته هۆی ئه‌وه‌ی باوكی واز له جگه‌ره بهێنێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش سه‌رسام بووه، كاتێك زانیویه‌تی، كه به‌و پاره‌یه‌ی رۆژانه له جگه‌ره به‌فیڕۆی ده‌دا، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كڕیوه.
سه‌نا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، هه‌ستێكی خۆشم هه‌یه، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌م به‌ده‌ستهێنا، كه یه‌كێك له خه‌ونه‌كانم بووه، به‌ڵام به‌وه‌ش خۆشحاڵترم، كه باوكم وازی له جگه‌ركێشان هێناوه و پارێزگاری له ته‌ندروستی خۆی ده‌كات.
سه‌رچاوه: ئه‌لجه‌زیره
د.ی