له‌سه‌ر قسه‌كانی "میگان" پێشكه‌شكارێك ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه

K24 - هه‌ولێر:
پێرس مۆرگان، پێشكه‌شكاری به‌ناوبانگی به‌ریتانی، له به‌رنامه‌ی "به‌یانی باش به‌ریتانیا"، ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی لێدوانی له‌سه‌ر "میگان" هاوسه‌ری "هاری" شازاده‌ی به‌ریتانیا، تووشی ره‌خنه‌ی بوویه‌وه.
ده‌سته‌ی چاودێری راگه‌یاندن له به‌ریتانیا رایگه‌یاند، ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كردووه، به‌پێی بنه‌ماكانی زیان و تاوان، زیاتر له (41) هه‌زار سكاڵایان له‌سه‌ر قسه‌كانی "مۆرگان" پێگه‌یشتووه، كه له‌سه‌ر "میگان" كردووه‌یه‌تی.
"میگان" له چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی كه "ئۆپرا وێنفری" له‌گه‌ڵی ئه‌نجامی داوه، گوتی: "نه‌یده‌ویست له ژیاندا بمێنێت، كاتێك هه‌وڵی ده‌دا خۆی له‌گه‌ڵ خێزانی پاشایه‌تی به‌ریتانیا بگونجێنێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌ی ره‌ت ده‌كرایه‌وه و یارمه‌تی نه‌ده‌درا".
مۆرگان، رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو گوتی: "بڕاوی به هیچ وشه‌یه‌ك نه‌كردووه"، كه "میگان" كردوویه‌تی، ئه‌مه‌ش بووته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر ببێته‌وه، به تایبه‌ت له‌لایه‌ن "كۆمه‌ڵه‌ی خێرخوازی ته‌ندروستی ئه‌قڵی"یه‌وه.
له ئه‌لقه‌ی رۆژی سێشه‌ممه، "مۆرگان" ستۆدیۆی به‌رنامه‌كه‌ی به‌جێهێشت، له‌كاتێكدا راسته‌وخۆ به‌رنامه‌كه پێشكه‌ش ده‌كرا، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكاره هاوكاره‌كه‌ی مشتومڕێكی گه‌رمی كرد، له‌سه‌ر ئه‌و "ره‌فتاره ره‌گه‌زپه‌رستی"یانه‌ی له لایه‌ن خێزانی پاشایه‌تی به‌رامبه‌ر "مێگان" و هاوسه‌ره‌كه‌ی كراوه.
كه‌ناڵی "ئه‌ی تی ڤی"، كه به‌رنامه‌ی "به‌یانی باش به‌ریتانیا" به‌رهه‌م ده‌هێنێت، رایگه‌یاند، دوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵی، "پێرس مۆرگان" بڕیاری داوه به‌رنامه‌كه به‌جێبهێڵێت، كه‌ناڵه‌كه‌ش بڕیاره‌كه‌ی قه‌بووڵ كردووه و هیچ دیكه‌ی له‌باره‌وه نییه، باسی بكات.
دوێنێ سێشه‌ممه، كۆشكی به‌كنگهام له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، كۆشكی پاشایه‌تی "خه‌مبارن"، به زانینی ئه‌و ئازارانه‌ی "هاری و میگان" له‌و هه‌فته‌یه‌دا باسیان كردووه، ئه‌مه‌ش به جدی وه‌رده‌گرن.
ئه‌مه یه‌كه‌م به‌یاننامه‌یه كۆشكی به‌كنگهام دوای چاوپێكه‌وتنه ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كه‌ی "هاری و میگان" ده‌ریكردووه، كه "مێگان" ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له‌و ماوه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ خێزانی پاشایه‌تی ژیاوه، به‌هۆی ره‌نگی پێستییه‌وه له كۆشكی پاشایه‌تی رووبه‌ڕووی ره‌گه‌زپه‌رستی و مامه‌ڵه‌ی خراپ بووه‌ته‌وه.
زۆر كه‌م كۆشكی پاشایه‌تی به‌یاننامه له‌سه‌ر ئه‌و شتانه ده‌رده‌كات، به‌ڵام ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی "میگان" ئاراسته‌ی خێزانی پاشایه‌تی كرد، به ناچاری كۆشكی به‌كنگهام وه‌ڵامی دایه‌وه.
له مانگی كانوونی دووه‌می 2020، هاری (36) ساڵ و میگان (39) ساڵ، ده‌ستبه‌رداری ئه‌ركی پاشه‌یه‌تییان بوون و له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یان "ئارچی" له باشووی كالیفۆڕنیای ئه‌مه‌ریكا، ژیانێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ژین.
سه‌رچاوه: RT
د.ی