گوشاری ئابووری لوبنان هەڕەشە لە سوپا و ئاسایشی وڵاتەکە دەکات

مووچەی مانگانەی سەربازێکی لوبنان بۆ 120 دۆلار کەمبووەتەوە
سوپای لوبنان
سوپای لوبنان

K24 – ھەولێر

عیماد جۆزێف، فەرماندەی سوپای لوبنان لە لێدوانێکیدا هۆشداری لە لێکەوتە و گوشاری دارایی لەسەر سەربازی وڵاتەكەی دەدات، کە ئەگەری هەیە دەرهاویشتەی زۆر خراپ بە دوای خۆیدا بهێنێت.

فەرماندەی سوپای لوبنان رایگەیاند، سەربازەكان هاوشێوەی هاووڵاتییان بە دەستی برسیێتی و قەیرانەوە دەناڵێنن، لەو بارەیەوە پرسیار لە سیاسەتمەداران دەکات و دەڵێت ئایا سوپایان دەوێت یاخود نا، هەروەها ئایا پێویستی بە دامەزراوەیەکی بەهێزی سەربازی هەیە یاخود نا.

بەهای لیرە لوبنانی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019ـەوە سەدا 85ـی بەهاکەی لە دەستداوە، لە دوای شەڕی ناوخۆیی نێوان ساڵانی 1975 - 1990 ئێستا قەیرانی دارایی بووەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە.

بەهۆی قەیرانی داراییەوە مووچەی بنەڕەتی سەرباز و پۆلیس لە نزیکەی 800 دۆلارەوە بۆ 120 دۆلار دابەزیوە. لەهەمان کاتدا قەیرانی دارایی سوپای ناچار کرد لە ساڵی رابردووەوە ژەمی گۆشت لە لیستی خواردنەکان لابدات.

بەشێک لە بەرپرسانی هێزی ئاسایشی لوبنان دەڵێت، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی لوبنان کەوتوونەتە نێو بازنەی هەژاری، ئەنجامدانی تاوان زیادی کردووە و بە سەختی دەتوانن رووبەڕووی ببنەوە.