فراكسیۆنە كوردستانیەكان مەرجەكانی گەڕانەوەیان بۆ بەغدا ئاشكرا دەكەن

"سازانی پێشوەخت لە نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بكرێت"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ فراكسیۆنە كوردستانیەكان لەشاری سلێمانی لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ بەغدا كۆبوونەوە و دوای كۆبوونەوەكە لە بەیاننامەیەكدا مەرجەكانی گەڕانەوەیان خستەڕوو.

لە بەیاننامەی فراكسیۆنە كوردستانیەكاندا ھاتووە: "بە گرنگیی و ھەستیارییەوە دەڕوانە دۆخی سیاسیی و ئەمنی عێراق، ھاوڕان لەگەڵ گرنگی كۆبوونەوەی ھاوبەشی پەرلەمان بەو مەرجەی ئامادەكاری تەواو و سازانی پێشوەخت لە نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بكرێت".

لە خاڵێكی دیكەی بەیاننامەكەی فراكسیۆنە كوردستانیەكاندا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە: "پێویستە سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆ و ھەوڵەكانی لەگەڵ تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی حكوومەت چڕبكاتەوە، بۆ كۆتایی ھێنان بە كێشەی حكوومەت و كابینە وزارییەكەی".

راشیدەگەیەنن: "وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان تەئكید دەكەینەوە لەو مەرجانەی كە لە سەرەتایی دروستبوونی حكوومە بۆ پێكھێنانی كابینەی وزاری پێشكەشی عەبادی كران و لەسەر ئەو بنەمایەش كورد بەشداری لە حكوومەتدا كرد كە گرنگترینیان چارەسەر كێشەی خاك و بودجەی خەڵكی كوردستان و پشیوانی و ھاوكاری ھێزی پێشمەرگە و قوربانیانی دەستی رژێمی بەعس و چەندین مافی دیكەی خەڵكی كوردستانی لەخۆ گرتووە، ئەو بەڵگەنامەیە لە لایەن پەرلەمان پەسەند كراوە و دەبێ جێبەجێ بكرێت، ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانیەكان ھێشتا پابەندین پێیەوە و داوای جێبەجێكردنی دەكەین".

ھەروەھا فراكسیۆنە كوردستانیەكان، ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق، بۆ گەیشتن بە ئاسۆی چارەسەری كێشەكان لە عێراقدا.

لە 30 ی نیسانی 2016 بەھۆی كێشەكانی ناوپەرلەمانی عێراق و ھەڵكوتانە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە لایەن خۆپێشاندەران و ئیھانەكردنی پەرلەمانتارانی كورد، فراكسیۆنە كوردستانیەكان بڕیاری ھەڵپەساردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراقیاندا.