پەرستارێكی بەرازیلی لە ریزەكانی پێشمەرگە خزمەت دەكات

"كوردستان بە نیشتمانی خۆم دەزانم"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6ade6ab2-5c1a-4c67-acdd-66b91989fd69/jne%20prstareki%20biyani.ism/manifest

K24 - داقوق

خانمە پەرستارێكی بەرازیلی ماوەی چەند مانگە لە میحوەری داقوق و لە ناو ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، خۆبەخشانە كار دەكات، ئەویش وەك ھەمو خۆبەخشە بیانیەكان لە گەڵ شەری داعش ھاتووە بۆ یارمەتی پێشمەرگە، فەرماندەكانی پێشمەرگەش ھاتنی ئەم كەسانە لە رووی ئەزموونی سەربازی و پزیشكی بۆ كوردستان بە سوودمەند دەزانن.

ھیلۆیزا جایرا پانتاجۆ،  ناوی ئەم خانمە  پەرەستارە بەرازیلییە  كە لە ناو ھێزی پێشمەرگەی میحوەری داقووق  بە نیشتمان بانگی دەكەن، لە رێگەی تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئاگاداری ھەواڵەكانی شەڕی داعش لە كوردستان بووە و داوای ئەوەی كردووە وەك خۆبەخش بۆ ھاریكاری پێشمەرگە بێتە كوردستان، ئەو تەنانەت چەكی تایبەتی خۆشی ھەیە و وەك پێشمەرگەكانیش دەرواتە میحوەرەكان، ھەست بە ئاسوودەیی دەكات و خۆی بە كوردستانی دەزانێت.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) ھیلۆیزا جایرا پانتاجۆ گوتی: "من كوردستان بە نیشتمانی خۆم دەزانم و خەڵك وەك ژنە كوردێك مامەڵەم لە گەڵ دەكەن، بۆیە ھەموومان دەبێ كار بكەین بۆ پاراستنی كوردستان، باوەرم وایە ھیوا ئێستا زیاترە بۆ كوردستانی گەورە، بە تایبەت لە سوریا و توركیا و ئێران، ھیوادرام سیاسییەكان بیر لە یاری سیاسیی نەكەنەوە  و كار بۆ داھاتووی كوردستان بكەن".