ئەو پیاوەی تەقەی لە ژنەکەی کرد دەستگیر کرا

رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە
پۆلیسی راپەڕین
پۆلیسی راپەڕین

K24- هەولێر:

پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی ئەو کەسەی راگەیاند کە دوێنێ ژنەکەی بە گولـلە بریندارکردبوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی راپەڕین: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی بیتوێن لە ناحیەی چوارقوڕنە لە دوای بەدەستهێنانی زانیاری ورد و بەدواداچوون بۆ دەستگیر کردنی تۆمەتبارەکە، مەفرەزەیەکیان دەرکرد، بەڵام لەکاتی دەستگیرکردنیدا کەسەکە بە چەکی دەمانچە رووبەڕووی هێزەکانمان بۆتەوە و دواتر دەستگیرکراوە''.

پۆلیسی راپەرین لە زاری ژنەکە ئاشکرایکردووە، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووەتە هۆی رووداوەکە''.

دەقی راگەیەندراوەکە:

کەسێک کە ئێوارەی دوێنێ خێزانەکەی خۆی لەناو بازار دایە بەر فیشەک  ئەمڕۆ دوای ڕوبەڕووبونەوە  بە چەکی دەمانچە لەگەڵ پۆلیس توانرا دەستگیر بکرێ .

ئەو کەسەی کە ئێوارەی دوێنێ بەرواری ١٠/٣/٢٠٢١ بە چەکی دەمانچە تەقەی لە ژنەکەی کردبوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی بیتوێن لە ناحیەی چوارقوڕنە لە دوای بەدەستهێنانی زانیاری ورد و بەدواداچوون بۆ دەستگیر کردنی نۆمەتبارەکە، مەفرەزەیەکیان دەرکرد بەڵام لەکاتی دەستگیرکردنیدا کەسەکە بە چەکی دەمانچە ڕوبەڕوی هێزەکانمان بۆتەوە و دواتر دەستگیریان کرد.

ئێوارەی دوێنێ ژنێک بەبرینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە کە شوێنەواری فیشەک بەجەستەیەوە هەبوو و بۆ چارەسەر لە نەخۆشخانە هێڵدرایەوە .

ژنەکە تەمەنی ٣٥ ساڵە و ژنی ماڵ دانیشتوی ڕانیە ، بە وتەی خۆی لەلایەن هاوسەرەکەی لە بازاڕی شارەوانی لە ناحیەی چوارقوڕنە بە دەمانچە تەقەی لێکراوە و بەو هۆیەوە بریندار بووە ، بە وتەی خۆی ڕووداوەکە لەسەر کێشەیەکی خێزانی بووە .

دوای کردنەوەی مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ، بە بڕیاری دادوەر فەرمانی دەستگیر کردن بۆ تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی ٤١٣ لە یاسای سزادانی عیراقی دەرچوو، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی بیتوێن لە ناحیەی چوارقوڕنە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانمان کەسەکە بە چەکی دەمانچە تەقەی لە هێزەکانمان کرد ، دواتر توانرا لەلایەن هێزەکانمان دەستگیر بکرێت.

تۆمەتبارەکە کە دەکاتە هاوسەری ژنەکە تەمەنی ٣٠ ساڵە و پیشەی کاسب بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە. لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە.

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین