زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ به‌سه‌ر واژۆكردنی رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداردا تێپه‌ڕ ده‌بێت

له‌ رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئادار ده‌یان ده‌ستكه‌وت بۆ گه‌لی كورد به‌ده‌ستهێنرا.. یه‌كه‌م هه‌نگاویش له‌ هه‌مواری ده‌ستووری كاتی ده‌ستپێكرد
به‌ر له‌ 51 ساڵ به‌یاننامه‌ی 11ی ئادار واژۆ كرا
به‌ر له‌ 51 ساڵ به‌یاننامه‌ی 11ی ئادار واژۆ كرا

K24- هه‌ولێر:

له‌ 11ی ئاداری 1970دا رێككه‌وتنێكی مێژوویی له‌ نێوان گەلی کورد به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مستەفا بارزانی و حكومه‌تی عێراق واژۆ كرا، كه‌ به‌شێكی خواسته‌كانی شۆڕش و گه‌لی كوردستانی تێدا هاتبووه‌ دی. ئه‌و رێككه‌وتننامه‌ و دانپێدانانه‌ به‌ مافه‌كانی كورددا، بووه‌ هه‌وێنی به‌شێكی زۆری ده‌ستكه‌وته‌كانی دواتر.

رێكه‌وتنامه‌كە‌ كە له‌ 15 خاڵ پێكهاتبوو، گرنگترین خاڵەكانی، داننان بوو به‌ مافی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زمانی كوردی له‌ قوتابخانه‌كان بخوێندرێت، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جاربوو حكومه‌تی عێراقی به‌ فه‌رمی ئه‌و مافانه‌ به‌ گه‌لی كوردستان بدات.

بەپێی رێككه‌وتنەكە و هه‌مواری ده‌ستووری كاتی:

- پێویست بوو لە دەستووردا ھاوشێوەی نەتەوەی عەرەب ئاماژە بە نەتەوەی كوردیش بدرێت.

- گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێكدێت، نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی كورد، لە دەستووردا دان بە مافی نەتەوەیی گەلی كورد و مافی هەموو كەمایەتییەكاندا دنرێت لە چوارچێوەی یەكێتی عێراقدا.

- زمانی كوردی له‌گه‌ڵ زمانی عەرەبی زمانی فەرمی بێت لەو ناوچانەی كە زۆربەی دانیشتوانیان كوردن و زمانی خوێندن و فێركردن دەبێت.

- دەبێت جێگرێكی سەرۆك كۆمار كورد بێت.

- گەلی كورد بە رێژەی دانیشتوانی لەچاو دانیشتوانی عێراق، بەشداری لە دەسەڵاتی یاساداناندا دەكات.

ئۆتۆنۆمی بۆ كورد:

- بەشداریكردنی كورد لە دەسەڵات و جیاوازی نەكردن لەنێوان كورد و عەرەب لە فەرمانی گشتی گرتنەدەستدا، لەوانەش پایە گرنگ و بایەخداره‌كانی دەوڵەت، وەك وەزارەت و سوپا.

- بەھۆی پەراوێزخستنی لە رابردوودا، كورد كە لە پەروەردە و فێركردن زیانی بەركەوتووە، لەم رووەوە پلانێك بۆ چارەسەركردنی ئه‌و كێشەیە دادەنرێت.

- ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری بۆ ناوچه‌كانی ئۆتۆنۆمی.

- گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییانەی له‌ قوتابخانەكانیان دەركراون یاخود بەھۆی توندوتیژی لە ناوچەكەكانیان ناچاربوون واز لە خوێندن بێنن.

- لە ئێزگە و تەلەفزیۆنەكانی حكومەت پەخشی بەرنامەكان بە زمانی كوردیش ھەبێت و گرنگی پێبدرێت.

- قبووڵكردنی قوتابیی كورد لە زانكۆ و په‌یمانگه‌كان و پێدانی زەمالەی خوێندن بە رێژەیەكی عادیلانە لە دەرەوە و ناوەوە.

- بەرپرس و فەرمانبەرەكان لەو یەكە كارگێڕییانەی كە بەشی زۆریان كوردن، دەبێ كورد بن، یان لەو كەسانە بن كە كوردی باش دەزانن.

- گەڕاندنەوەی كوردان بۆ زێدی خۆیان و ئەو شوێنەی كە پێشتر لێی بوون.

- پەلەكردن لە پیادەكردنی یاسای چاکسازی كشتوكاڵ لە کوردستان و هەمواركردنی بەشێوەیەك كە پاكتاوكردنی په‌یوەندیی دەرەبەگایەتی مسۆگەر بكات و هەموو جوتیارەكانیش پارچە زەویی گونجاویان پێبدرێت.

رێككه‌وتننامه‌ی 11ی‌ ئادار ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی شۆڕشی ئه‌یلوول و خۆڕاگری و قوربانیدانی گه‌لی كوردستان بوو‌ به‌ رابه‌رایه‌تی مستەفا بارزانی له‌پێناو مافه‌ ره‌واكانی، هه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش بووه‌ بەڵگەنامەیەكی یاسایی و مێژوویی و به‌ردی بناغه‌ی هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی دواتر بۆ گه‌لی كوردستان هاتنه‌دی.

H.B

راگه‌یاندنی به‌یاننامه‌ی 11ی ئادار له‌ ساڵی 1970